شارپرێس:
دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لەکۆتایی ساڵی 2024، ئێستا
جارێکی تر دیكه لەسوریا باسی گرنگیی هەبونی حزبو پەرلەمان دەکرێتەوە، ئەم ڕاپۆرتە
مێژوییە سادەیە ڕونیدەکاتەوە کە چۆن لەساڵانی پێشودا، ململانێی سەرۆکەکان بۆ بەرژەوەندیی
خێزانی خۆیان، پێشێلکردنی بەردەوامی دەستورو هێنانی سوپا بۆ ناو کایەی سیاسیى، وڵاتەکەیان
بەرەو وێرانکاری بردو ڕێگەی بۆ حافز ئەسەد خۆشکرد تا بۆ ماوەی چەندین دەیە ستەمکاریی
بەسەردا بسەپێنێت.
دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس لەدیمەشق، سەرلەنوێ گفتوگۆ
لەنێوان خەڵکو لایەنەکاندا دەستیپێکردوەتەوە لەسەرئەوەی، چۆن وڵاتەکەیان بەڕێوەببەن،
لەکاتێکدا هەندێک کەسو میدیا لەمدواییانەدا دەڵێن حزبەکان وڵات بەش بەش دەکەن، بەڵام
مێژوو پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت؛ کێشەی ئەوکاتی سوریا زۆریی حزبەکان نەبوە، بەڵکو لاوازکردنی
یاساو هێنانی چەکدارانو سەربازان بوە بۆ ناو دەسەڵات.
لەساڵی 1955دا، ئەفسەرێکی باڵای سوپای سوریا بەناوی
عەدنان مالیکی لەیارییەکی تۆپی پێدا لەدیمەشق بەدەستی ئەندامێکی حزبێکی نەیار کوژرا،
دوای ئەو ڕوداوە، هێزە ئەمنییەکان شاڵاوێکی گەورەی دەستگیرکردنیان دەستپێکردو ئەو حزبەیان
بەتەواوی لەناوبرد، هەر لەو شەوەدا، هاشم ئەتاسی کە سەرۆک کۆماری وڵات بوو، بەتوندی
دژی ئەفسەرە گەنجەکان وەستایەوە کە داوای دەسەڵاتی زیاتریان دەکردو پێی وتن،
"من یاساو دەستور لەپێناو حەزی کەسدا ناگۆڕم"، ئەمە سەرەتایەک بوو کە تێیدا
دەسەڵاتی یاسا سست بوو و هێزی چەکو سوپا بەسەر پەرلەماندا زاڵبوو.
کۆماری یەکەمی سوریا بەدەست چەندین کێشەی ناوخۆییەوە
دەیناڵاند، کە لەوکاتەدا پێیان دەوت "نەخۆشیی خۆپەرستیی سەرکردەکان"، سەرۆکەکان
حزبەکانیان وەک کۆمپانیای خێزانیی خۆیان تەماشا دەکردو بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەخستە
پێش یاساوە، تەنانەت دەسەڵاتداران بەردەوام دەستوریان دەگۆڕیی تەنها بۆ ئەوەی سەرۆکەکەیان
بۆ جاری دوەم ببێتەوە بەسەرۆک، لەساڵی 1945دا 18 ڕۆژنامەی ئۆپۆزسیۆنیان داخست، ئەم
پێشێلکارییانە وایکرد کە خەڵک متمانەیان بەدەسەڵاتی مەدەنی نەمێنێت.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی لەساڵانی پەنجاکاندا
دوای هەر کودەتایەکی سەربازیی دوبارە حزبەکان دەگەڕانەوە، بەڵام دواتر بەیەکجاری بێدەنگکران؟
زانیارییهكانیش دهڵێن، لەقۆناغی یەکەمدا سەرەڕای پێشێلکارییەکان، هێز تەنها لەدەستی
حکومەتدا نەبوو، بەڵکو ڕۆژنامەکان، سەندیکاکانو پەرلەمان ئازادبون؛ بۆیە لایەنی دۆڕاو
دەیتوانیی دوبارە خۆی ڕێکبخاتەوەو بگەڕێتەوە، بەڵام کاتێک حافز ئەسەد لەساڵی 1970دا
دەسەڵاتی گرتە دەست، تەواوی ڕۆژنامە، حزبو سەندیکاکانی بەیەکجاری قەدەغەکرد؛ بەمەش
ئامرازی گەڕانەوەی لەنەیارەکانی سەندو دەرگای بۆ زیندانیکردنو ستەمکاریی ڕەها واڵاکرد.
چاودێرانیش پێیانوایه، هەڵە گەورەکە کاتێک کرا کە
لەکۆتایی ساڵی 1948دا "یاسای توندی سەربازیی" ڕاگەیەندراو سوپا دابەزیی بۆ
ناوشارهكانو شەقامهكانو هاوڵاتیانی بردە زیندانە سەربازییەکان بەناوی پاراستنی
ئاسایشەوە، دواتر لەسەرەتای ساڵی 1949دا، حوسنی زەعیم فەرماندەی سوپا یەکەم کودەتای
سەربازیی ئەنجامداو پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە.
شارهزایانیش دهڵێن، ئەم مێژوە پێمان دەڵێت، پەکخستنی
ژیانی حزبی بەبەهانەی ترسی گەڕانەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕابردوو، تەنها دوبارەکردنی هەمان
هەڵەیە؛ چونکە ئارامیو دیموکراسی بەسڕینەوەی حزبەکان نایەتەدی، بەڵکو بەوە دەبێت کە
چەکو سوپا بەتەواوی ملکەچی یاساو دەسەڵاتی مەدەنیی وڵات بن.
لەکاتی ئێستادا، سوریا لەناو قۆناغێکی یەکجار هەستیاردا
دەژیت دوای ئەوەی ڕژێمی پێشوی ئەسەد بەتەواوی لادراو کۆتایی بەدەسەڵاتەکەی هات، لەم
ڕۆژانەدا وڵاتەکە لەنێوان دوو بژاردەی گرنگدایە؛ لەلایەکەوە هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ دروستکردنی
دەسەڵاتێکی نوێو نوسینەوەی دەستورێکی دیموکراتی کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت،
بەڵام لەلایەکی دیكهشهوه مەترسیی دوبارەبونەوەی مێژوی کۆن هێشتا لەئارادایە، چونکە
چەندین بیروباوەڕی جیاواز، خەریکی کێبڕکێن بۆ سەپاندنی هێزی خۆیان بەسەر پەرلەمانو
فەرمانگەکانی دەوڵەتدا، ئەم دۆخە نیشانیدەدات کە داهاتوی وڵاتەکە بەندە بەوەی کە ئایا
دەسەڵاتی نوێ دەتوانێت ژیانێکی حزبیی ئازادو یاسایی بۆ خەڵک دابین بکات، یان دوبارە
دەکەوێتەوە ناو داوی تاکپەرستیو کۆنترۆڵکردنی چەک بەسەر ژیانی مەدەنییدا.
