شارپرێس:
وەزارەتی داراییو ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی وردبینیی لەلیستی موچەی مانگی تشرینی دوەم (11) تەواوکردو بڕیارە سبەینێ یەکشەممە بەشێوەیەکی فەرمی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی بکات، بەئامانجی خێراکردنی پرۆسەی ناردنی پارەی موچەخۆرانی هەرێم.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لەوەزارەتی داراییو ئابوریی هەرێم بۆ میدیاى نزیك لهپارتى، بەشی ژمێرکاریی وەزارەت، سەرجەم کارەکانی وردبینیکردنی لەلیستی موچەی مانگی 11ى موچەخۆراندا کۆتایی پێهێناوەو سبەینێ یەکشەممە لیستەکە دەگاتە بەغدا.
سەرچاوەکە ئاشکراشیکردوە، ئەمڕۆ شەممە تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی بەرەو بەغدا بەڕێکەوتون، تاوەکو سبەینێ یەکشەممە لەگەڵ دەستپێکی دەوامی فەرمیدا، لیستی موچەی مانگی 11 هاوپێچ لەگەڵ تەرازوی پێداچونەوەی مانگی 10 ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکەن.
لەبارەی هەنگاوەکانی دوای ڕادەستکردنی لیستەکەش، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەداوە، بڕیارە هەر لەگەڵ گەیشتنی لیستەکەدا، لیژنەیەکی تایبەت دەست بەپرۆسەی وردبینی بکاتو لەماوەیەکی کورتدا کارەکان تەواوبکرێن؛ ئەمەش بەو ئامانجەی ڕاستەوخۆ دوای تەواوبونی دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی عێراق، پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەمویل بکرێتو بنێردرێت.
