لە بەندیخانەکانی عێراق چی ڕوودەدات؟ نرخی مۆبایلێک دوو هەزار دۆلار

عیراق

26/04/2024‌ 497 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سکانداڵێکی نوێی بەندیخانەکانی عێراق دەگرێتەوە، هەندێك لەو کەیسانەی لە بەندیخانەکان تۆماردەکرێن جێگەی سەرسوڕمان و هەڵوەستە لەسەر کردنن، کار گەیشتووەتە ئەوەی بەهای یەك مۆبایل زیاتر لە دوو هەزار دۆلار بێت.

لە بەندیخانەکانی عێراق هەزاران سزادراو بە سزای جیاواز هەن، بەڵام هەر لەنێو بەندیخانەکان دابەشبوونێکی ترسناک هەیە، ڕەنگە هەمووان ناوی بەندیخانەی ئەبو غرێبمان بیستبێت، کە تیایدا تاوانباری مەترسیدار هەیە، بەڵام لەپاڵ ئەبو غرێبدا لە ناوچەی سەوزی بەغدا بەندیخانەیەك هەیە کە بە "بەندیخانەی دەوڵەمەندەکان" ناسراوە و چیرۆکی سەیر و سەمەرەی تێدایە.

لە بەندیخانەی دەوڵەمەندەکان کە دەکەوێتە ناوچەی سەوزی بەغدا، تاوانبارەکان بەشێوەیەکی دیکە درێژە بە ژیانیان دەدەن و هەرچیەکیان بوێت بەدەستی دەهێنن، بەڵام بە نرخێکی زۆر، بۆ نمونە لەو بەندیخانەیە بەهای کڕینی یەك مۆبایل دەگاتە سێ ملیۆن و 500 هەزار دینار (دوو هەزار و 300 هەزار دۆلار) لەکاتێکدا لە دەرەوەی بەندیخانەکە بەهای هەمان مۆبایل ناگاتە 300 هەزار دینار (200 دۆلار).

کارتی مۆبایل یەکێکی دیکەیە لەو شتانەی تاوانبارەکان لەو زیندانە بە نرخێکی زۆر دەیکڕن، بۆ نمونە کارتێکی 10 هەزار دیناری دەگاتە 75 هەزار دینار (50 دۆلار)  لەکاتێکدا لەدەرەوەی ئەو بەندیخانەیە نرخەکەی 10 هەزار و 500 دینارە، بەهای یەك سیم کارتیش دەگاتە 50 دۆلار.

ئەو تاوانبارانەی پارەیان پێیە، یاخود هەژموونی کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە، تەواو جیاواز لەو تاوانبارانە دەژین، کە کەسانێکی ئاساین و کەس ناناسن.

بەپەلە