حەلبووسی بیر لە کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکاتەوە

عیراق

26/04/2024‌ 543 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سەرچاوەیەکی نزیک لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدوم ئاشکرایکرد، ناوبراو چوار بژاردەی لە بەردەستدایە، یەکێکیان دووبارەکردنەوەى سیناریۆکەى موقتەدا سەدرە کە کشانەوەیە لە پرۆسەی سیاسی.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە حەلبوسییەوە بڵاویکردەوە، بژاردەکانی حەلبوسی و تەقەدوم بریتین لە هەڵپەساردنی کارکردن لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کشانەوە لە حکومەت، کشانەوە لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و یاخود کشانەوەی تەواوەتی لە پرۆسەی سیاسی، هەر وەک چۆن موقتەدا، ڕێبەری ڕەوتی سەدر دوو ساڵ لەمەوپێش لە پڕۆسەی سیاسی کشایەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی هاوشێوەی گۆڕینەوە مامەڵە لەگەڵ حیزبە سونییەکاندا دەکەن، یان یاری لەسەر پەتی دابەشکردن و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەکەن.

سەرچاوەکە روونیشکردووەتەوە، بژاردەکانی کشانەوەی حەلبووسی لەبەردەستی تەقەدومدایە، بەڵام هەریەکێک لەوانە باجی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت ئەو هەڵوێستەش لەبەرچاو بگیرێت.