شارپرێس:
بەرپرسێکی باڵای ئێران ئاشکرایکرد، بڕیارێکی فەرمی هەیە بۆ گرتنەوەی بەشێک لەو ئاوانەی دەڕژێنە ناو عێراقەوەو بەئاماژەدان بەپێداویستییە ناوخۆییەکان ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی درێژکردنەوەی سیاسەتی پێشووی تاران دەکات کە بریتیبوو لەڕاگرتنی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکانی نێوان دوو وڵات.
یاسم خان محەممەدیان بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سروشتییەکانی پارێزگای ئیلام لەلێدوانێکدا بەئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ڕایگەیاندوە، زۆربەی ئاوی ئێران بۆ عێراق دەڕوات دەبێت کارێک بکەین بۆ کۆنتڕۆڵکردنو ڕێگریکردن لەڕۆشتنی بەشێک لەو ئاوە.
لێدوانەکە لەکاتێکدایە هۆشدارییەکان لەبارەی قەیرانی ئاو لەعێراقو بەتایبەتی لەپارێزگا سنورییەکان زیاتر دەبن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاوی ئێران لەدەیان ڕوباری هاوبەش، وەک ئەڵوەند لەدیالە، کارون لەبەسرەو زاب لەسلێمانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، پارێزگای ئیلام 641 هەزار هێکتار دارستانی سروشتیو 780 هەزار هێکتار لەوەڕگەی تێدایە کە بۆ ئاژەڵداری بەکاردێت ئەمە جگەلەوەی زیاتر لەهەزار جۆری ڕوەکی هەیە زۆربەیان دەرمانن، گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانیش دەرفەتێکە بۆ پەرەپێدان بەو ناوچانەی کە پێویستییان بەئاو هەیە.
ئهوهشى وتوه، "ساڵی ڕابردوو یاداشتێکی لێکگەیشتنی سێ قۆڵی بەبەهای هەزارو 750 میلیۆن تومەن ئیمزاکراوە، بڕیارە لەماوەی سێ ساڵی داهاتودا بەهاوکاریی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان جێبەجێبکرێت، بەئامانجی باشترکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتیو ئاوییەکان".
هاوکات، عێراق ساڵانێکە بەدەست کەمی ئاوەوە گرفتارە، ئەوەش بەهۆی ڕێوشوێنە بەردەوامەکانی ئێرانو تورکیا بۆ لادانی ڕوبارەکانو کەمکردنەوەی ڕێژەی ئاو.
