کۆمسیۆنی عێراق وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی دیاریکرد و بەپێی بڕیارەکە، لە رۆژی ٩ـی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەستپێدەکات و بانگەشەکە ٣٠ رۆژ دەخایەنێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتی تۆمارکردنی هاوپەیمانی، حزب و لیستەکان لە رۆژی ١٥ـی مانگی نیسان دەستیپێکردووە و رۆژی ١٤ـی ئەم مانگەش کۆتاییدێت، کە ماوەکەی ٣٠ رۆژە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان، لە ١٥ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و هەتاوەکو رۆژی ١٦ـی مانگی داهاتوو بەردەوامدەبێت.
دەشڵێت، وادەی تۆمارکردنی سکاڵای هاوپەیمانێتی و حزبەکان لە لە ١٥ـی نیسان بۆ یەکی مانگی تەمووز دەبێت و رۆژی ١٠ـی تەمووز راکێشانی ژمارە بۆ لیست و هاوپەیمانێتییەکان ئەنجامدەدرێت.
کۆمسیۆن وتیشی، بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدەکان لە نۆی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەستپێدەکات و ماوەی ٣٠ رۆژ دەخایەنێت، هەروەها قۆناغی پێشکەشکردنی سکاڵاکانی تایبەت بە بانگەشەش، لە رۆژی ١٠ـی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و تا ١١ـی تشرینی دووەم بەردەوامدەبێت.