شارپرێس:
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە زانکۆی ڕیدینگ لە بەریتانیا
ئەنجامدراوە و لەلایەن لیژنەی کالیفۆرنیا بۆ گوێز ڕاسپێردراوە، ئاشکرایکردووە
خواردنی گوێز بۆ ژەمی بەیانیان خێرایی کاردانەوە لەسەر ئەرکە مەعریفیەکان زیاد دەکات
و یارمەتیت دەدات بە درێژایی ڕۆژ خێراتر بیربکەیتەوە.
توێژینەوەکە
32 گەنجی لە نێوان تەمەنی 18 بۆ 30 ساڵیدا ئەنجام دراوە، لە ڕۆژێکدا نانی بەیانیان
خواردووە کە 50 گرام گوێزی وردکراوی تێدابوو لەگەڵ موسلی و ماست، ڕۆژێکی دیکەش ژەمێکی
هاوشێوەیان خواردووە کە تێیدا گوێزەکە بە کەرە گۆڕدراوە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەوانەی گوێزەکەیان
خواردووە لە پشکنینەکانی پەیوەست بە تەرکیز و بڕیاردان و کۆنترۆڵکردنی سۆزداری خێراتر
وەڵامیان داوەتەوە، بە بەراورد بە ژەمە کۆنتڕۆڵکراوەکان.
سەبارەت
بە بیرەوەریی، ئەدای بەشداربووان دوای دوو کاتژمێر لە خواردنی گوێز خراپتر بوو، بەڵام
دوای شەش کاتژمێر بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دواکەوتنی کاریگەری
گوێز لە پاڵپشتیکردنی تواناکانی بیرەوەریی.
هەروەک سکانی مێشک چالاکیی بەهێزتری لە هەندێک
شەپۆلدا دەرخستووە لەو کەسانەی کە گوێزیان خواردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەشداریکردنی
دەروونی زیاتر لە کاتی ئەرکە دەروونییەکاندا.
پسپۆڕان پێیان وایە پێدەچێت ئەم سوودانە بەهۆی
ترشە چەورییە ئۆمێگا 3 و پۆلیفینۆلەکانی ناو گوێزەوە بێت.
