شارپرێس
لەناو رەفەکانی پەرلەمانی عێراق 130 پرۆژە یاسا هەڵگیراون، پەرلەمان نەیتوانیوە بیانخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانییەوە، لەبەرئەوەی زۆربەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە ئەنجامنادرێن، 100 پەرلەمانتار پابەندی دەوامم نین.
پەرلەمانی عێراق 9ـى ئایار چووە پشووی یاسادانانەوە تا مانگێکی تر کۆنابێتەوە، ئەوەش لەکاتێکداتە 130 پرۆژە یاسای پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە و تائێستا نەخراوەتە بەرنامەی کارەوە.
پەرلەمانی عێراق لەکاتێکدا دەکەوێتە پشووی یاسادانانەوە، کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێرق شەش مانگی ماوە و پەرلەمان تەنها سێ مانگی لە بەردەستدا دەبێت بۆ کۆبونەوە و دانیشتنەکانی.
ئەمیر مەعموری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، پەرلەمانی عێراق بەدەست تێکچوونێکی فراوانی یاسادانان و چاودێرییەوە دەناڵێنێت و 40 پڕۆژە یاسا سەرەڕای ئامادەیی تەواویان بەهۆی ناڕێکیی دانیشتنەکانەوە پەسەند نەکراوە.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، مانگانە پەرلەمان نەیتوانیوە هەشت دانیشتن ببەستێت و دەڵێت: بەشێک لە پەرلەمانتاران ئامادەی هیچ دانیشتنێک و چالاکییەکی پەرلەمان نەبوون و بە زەحمەت دەناسرێنەوە کە پەرلەمانتارن.
