شارپرێس:
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ڕەوتی هەڵوێست
بەفەرمی کشانەوەی خۆی لە گفتوگۆکان لەبارەی پێکهێنانی یەکلیستی بۆ هەڵبژاردنی
پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەشێک لە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات لەشاری
سلێمانی کۆبونەوە، بەڵام کۆمەڵی دادگەری بەشداری لە کۆبونەوەکەدا نەکرد.
دوای کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ، هیمداد شاهین، وتەبێژی
نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەی بۆ ڕۆژنامەنوسان کرد، یەکێک لە پەیامنێرەکانیش
پرسیاری لەبارەی هۆکاری بەشدارنەکردنی کۆمەڵی دادگەری کرد، وتەبێژەکەی نەوەی نوێش
لە وەڵامدا وتی،" هەر لایەنێک ئازادە بکشێتەوە و خاوەنی بڕیاری حزبی خۆیەتی
".
بەمەبەستی پشتڕاستکردنەوەی کشانەوەی کۆمەڵ لە
هاوپەیمانێتییەکە، شارپرێس پەیوەندیکرد بە محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری،
بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە، شارپرێسیش لە سەرچاوەیەکییەوە زانیویەتی،
ئەو حزبە بڕیاریداوە بەشداری لەو هاوپەیمانێتییە نەکات و ڕەنگە لە ماوەکانی
داهاتوودا بەفەرمی ڕایبگەیەنێت.
کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی لایەنەکانی دەرەوەی
دەسەڵات کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و بەرەی گەل و
چەند کەسایەتییەک تێیدا بەشداربون.
