كۆمەڵی دادگەری: لە گفتوگۆی دروستكردنی هاوپەیمانی نەكشاوینەتەوە

کوردستان

12/05/2025‌ 31 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمەڵی دادگەری دەنگۆی کشانەوەی حزبەکە لە هاوپەیمانی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت " خۆمان بە خاوەنی پڕۆژەکە دەزانین ".


کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت،" دروستكردنی هاوپەیمانێتیەكی سیاسیی لەنێوان هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات، خواست و ئامانجی كۆمەڵی دادگەریی بوە و لەم پێناوەشدا لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامیی دەستپێشخەریی و پرۆژەمان هەبوە و هەنگاوی جدیشمان بەو ئاراستەیەدا ناوە " .

ئەوەشیخستەڕوو،" چەند كۆبونەوەیەك لەنێوان هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدرا، بەڵام بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە هەوڵی شکستپێهێنانی دەدرا ".

کۆمەڵی دادگەری لە ڕونکردنەوەکەیدا ئاماژە بەم سێ خاڵە دەدات:

یەكەم: کۆمەڵ لە گفتوگۆکانی دروستکردنی هاوپەیمانەتی نەکشاوەتەوەو زۆر جددیش بوە چونکە خۆی خاوەنی پڕۆژەکە بوە و تا ئێستا بەردەوام و سورە لەسەر دروستکردنی ئەو هاوپەیمانەتیە فراوانە بەئاڕاستەی بەرژەوەندی گشتی خەڵک !

دوەم: لە كۆبونەوەی ڕابردو، نوێنەرانی نەوەی نوێ دوای ئەوەی هەندێ پێشنیار کرا هۆڵی كۆبونەوەیان بەجێهێشت .

سێهەم: شەوی ڕابردوو ڕەوتی هەڵوێستیش كشانەوەی خۆی لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە سیاسییە ڕاگەیاند .

لە کۆتاییدا کۆمەڵی دادگەری هۆشداریدا و ڕایگەیاند،" ئەگەر هەر لایەنێك هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕاستییەكان و چەواشەكردنی خەڵك بدات ئەوا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاستیەکان بۆ ڕایگشیی ئاشكرا دەکەین ".