شه‌وانه‌ له‌ئێران چى ڕوو ده‌دات؟

جیهان

01/07/2025‌ 16746 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای پاسدارانی ئێران بەبێ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لەتاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەبەشێک لەشارەکان، درەنگانی شەوان ترس‌و دڵەڕاوکێی لەنێو خەڵکی دروستکردوە.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دانیشتوانی شارۆچکەی ئاران‌و بێگدلیان، کە بەدوری 10 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری کاشان، لەسنوری پارێزگای ئه‌سفەهان، بەدەنگی چەندان تەقینەوەی بەهێز لەخەو ڕاچڵەکیون‌و ترساون لەوەی ئیسرائیل جەنگی دەستپێکردبێتەوەو هێرشی ئاسمان کردبێتەوە سەریان.

لەبارەی تەقەو تەقینەوەکان، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ڕاگەیەنراوێکی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی لەئاران‌و بێگدل، بڵاوکردوەتەوە، گوایە تەقینەوەکان پەیوەندییان بەتاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی شارۆچکەکەوە هەبوەو هیچ هێرشیکی ئاسمانی نەکراوە.

جگە لەشارۆچکەی ئاران‌و بێگدلیانی کاشان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەشاری هەمەدان‌و ڕۆژهەڵاتی تارانیش خەڵکی ڕاچڵەکاندوەو ترس‌و دڵەڕاوکێیان دروستکردوە، بەڵام بەگوێرەی بەشێک لەسەرچاوەکانی هەواڵ، کەوتنەکاری سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسداران لەناوچەی چواری تاران، بەهۆی بینینی درۆنێکەوە بوە لەئاسمانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبونی شەهید بەهەشتیی تاران.