شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەری خێرا دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردەوە، بەڵام جەختیکردەوە لەوەی، دەرگاکانی دیپلۆماسی هەرگیز داناخرێن.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەچاوپێکەوتنێکدا بەکەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی ڕاگەیاند، "تەکنۆلۆژیاو زانستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەبۆمباران لەناوناچن"، ئەمهش قسەیەی ئاماژەدان بوو بەهێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران لەهەفتەی ڕابردودا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران دەتوانێت بەخێرایی زیانەکانی هێرشەکان چاکبکاتەوە، هەروەها ئەگەر ئیرادەمان هەبێت بۆ پێشکەوتنی نوێ لەم پیشەسازییەدا، دەتوانین قەرەبوی کاتە لەدەستچوەکانیش بکەینەوە".
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی، "پێموانییە دانوستانەکان بەو خێراییە دەستپێبکەنەوە، پێشئەوەی بڕیاری دوبارە بەشداریکردنەوە بدەین، پێویستە سەرەتا دڵنیابین لەوەی ئەمریکا لەکاتی دانوستانەکاندا هێرشی سەربازیی ناکاتەسەر ئێمە".
ئهوهشى وت، "پێموایە لەگەڵ هەموو ئەم ڕەچاوکردنانەدا هێشتا پێویستمان بەکاتێکی زیاترە، بەڵام دەرگاکانی دیپلۆماسی هەرگیز داناخرێن".
عراقچی، لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئێران درێژە بەپیتاندنی یۆرانیۆم دەدات؟ ڕایگەیاند، "بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیانە، بوەتە بابەتی شانازییو شکۆمەندیی نەتەوەیی، گەل بەئاسانی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت".
بهوتهى عراقچی، "لەماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا سەلماندمان کە توانای بەرگریکردن لەخۆمان هەیە، ئەگەر توشی هەر دەستدرێژییەک بوین، بەردەوامدەبین لەبەرگریكردن".
