شارپرێس:
هێشتا مشتومڕ لەسەرئەوە هەیە کە ئایا هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەڕاستیدا بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی لەناوبردوە یان تەنها پێشکەوتنەکانی بۆ چەند مانگێک دواخست.
چاودێران باس لەوەدەکەن، ئەگەر ئێران بڕیاربدات بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێت، ئەوا گرەو لەسەر توانای خۆی دەکات بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە پێش دەستێوەردانی سەربازیی گریمانکراو لەلایەن واشنتۆن یان تەلئەبیبەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وۆڵستریت جۆرناڵ، دواخستنی ئەو بەرنامەیە بۆ چەند مانگێک، دەتوانێت کاتێکی پێویست بداتە نەیارانی ئێران بۆ دۆزینەوەو وەڵامدانەوەی پلانەکانی، ئەمەش ڕەنگە تاران لەڕیسککردن لەمکاتەدا ڕابگرێت.
مایکڵ سینگ بەرپرسێکی پێشوو لەئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا دەڵێت، ئەم ماوەیە بوارێکی فراوان بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەر دەڕەخسێنێت.
ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 بۆ ئەوە دانرابوو کە ئێران ساڵێک دوربخاتەوە لەهەڵگرتنی مادەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمب لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە کە هێرشەکەی ئەمدواییەی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران هانی توندڕەوەکانی ناو دەسەڵاتی ئێرانی دابێت وەک ڕێگهیەک بۆ مانەوەی ڕژێمەکە، پەنا بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەرن.
ئالان ئایر دانوستانکاری پێشوی ئەمریکا پێیوایە، ئەگەر ئێران بڕیاربدات لەئێستاوە چەکی ئەتۆمی دروستبکات، ئەوا کاتێکی زیاتری دەوێت لەچاو پێشوو، بەڵام ڕەنگە ئیستا مکوڕییەکی زیاتریان هەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو چەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە ئێستا تاران هەوڵی بنیاتنانەوەی ستراتیژی بەرگریی نوێ بدات.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ڕەنگە ئێران ئەوەندە کەرەستەو مادەی شاردبێتەوە کە بەخێرایی بگەڕێتەوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەگەر بڕیاربدات، جگەلەوەی خاوەنی توانای پیشەسازییو تەکنیکییە بۆ ئەوەی لەماوەی چەند مانگێکدا دەست بەپرۆگرامەکە بکاتەوە.
سەبارەت بەبژاردەکانی تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی ئەوە دەکرێت بژاردەکان بریتی بن لە: دروستکردنی بەرنامەیەکی ئەتۆمی نهێنیو خێراکردنی بەرهەمهێنانی بۆمب، بەڵام بژاردەی دوەم بەشداریکردن لەپرۆسەیەکی دیپلۆماسی کە توانا ئەتۆمییەکانی لەبەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی کەمدەکاتەوە.
هەروەک ئێران دەتوانێت هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە بدات، بەشداری دیپلۆماسیی ئەتۆمی بکاتو لەهەمانکاتدا بەهێمنی بەردەوامبێت لەپەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئەمەش بەمانای کارکردن بەنهێنی لەشوێنگەلێکی شاراوە لەدەستی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش ئەرکەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.
بهگوێرهى شیکارییەکی دامەزراوەی واشنتۆن، پەرەپێدانی کڵاوەی ئەتۆمی تەنها بابەتی فیزیایی نییە، بەڵکو پێویستی بەئەندازیاری پێشکەوتوو و زانیاریی تەکنیکی ئاڵۆز هەیە.
هاوکات ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن، ڕێبەری باڵای ئێران تائێستا فەرمانی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نەداوە، کە لەساڵی 2003وە بەفەتوایەک ڕاگیراوە.
