شارپرێس:
چاودێران باس لەوەدەکەن، هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییە قایمکراوەکانی ئێران لەناتەنز، فۆردۆو ئهسفەهان، بەبەکارهێنانی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی شەبەحی بی-2و موشەکی کروز کە لەژێردەریاییەکانەوەوە هەڵدەدرێت، لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی چڕوپڕی شەڕی ئەلیکترۆنی، هەرچەندە بەفەرمی هێرشەکان ئاراستەی تاران کرابون، بەڵام پەیامێکی ستراتیژی فراوانتریان هەڵگرتبوو کە ئاراستەی چین کرابوو.
هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆسەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ بۆردومانێکی ساختە لەنزیک گوام، کە توانای واشنتۆنی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی هێرشی هاوکات لەناوچە دورەکان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پابەندبونێکی ڕونە بەدوکتۆرینی بەرپەرچدانەوە لەکاتی بەزاندنی هێڵە سورەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی هەوڵەکانی ئێران بۆ زیندوکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
بەڵام شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا ڕەهەندێکی دەرونیشی هەبوە کە ئاراستەی پەکین کراوە، ئەمەش ئەوە پیشاندەدات کە تەنانەت ئامانجە پتەوکراوەکانیش ناتوانن لەتواناکانی ئەمریکا ڕزگاریان بێت.
پەرەسەندنی گرژییەکان دەوروبەری تایوان پێشهاتی مەترسیداری بەخۆوە بینیوە، لەگەڵ زیادبونی جموجۆڵە سەربازییەکانی چین لەدەوروبەری دورگەکەو پێشێلکردنی چەندبارەی بواری ئاسمانی وڵاتەکە.
واشنتۆن دوپاتیدەکاتەوە، هەر دەستدرێژییەکی چینی بۆسەر تایوان بەوەڵامێکی یەکلاکەرەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە، بەمەش هێرشەکان دژی ئێران دەکاتە پەیامێکی ڕون بۆ چینییەکان بەوەی ئەمریکا دەستەوەستان نابێت.
بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ چین جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ ئێران هەیە، بەوپێیەی چین زلهێزێکی ئەتۆمییەو موشەکی بالیستیکی کیشوەربڕی هەیە کە توانای ئەوەی هەیە لەئەگەری ڕودانی ململانێدا زیانێکی گەورە بەئەمریکا بگەیەنێت.
ئەوەش هاتوە، ئەم هێرشانە پرسیاری قوڵ دەوروژێنن: ئایا ئەمریکا ئیرادەی ئەوەی هەیە لەپێناو تایواندا مەترسییەکانی هەڵکشانی ئەتۆمی لەگەڵ پەکین لەئەستۆ بگرێت؟.
لەوبارەیەوە چاودێران ئاماژەیان بەوەکردوە، تایوان ئیسرائیل نییە، چینیش ئێران نییە.
شەڕ لەگەڵ پەکین لە ڕوی سەربازییو ئابورییو دیپلۆماسییەوە تێچویەکی زۆر زیاتری دەبێت.
