نامەیەکی مەسعود محەمەد بۆ سەعدون حەمادی‌و چەند سەرنجێک

توێژینەوە و شیکاریی

02/07/2025‌ 1683 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لەماوەی پێشوودا چاوم کەوت بەکتێبێکی نووسەرو ڕووناکبیری ناسراو مەسعود محەمەد، بەناونیشانی (نامەی مەسعود محەمەد بۆ سەعدون حەمادی).


ئەم کتێبە بریتییە لەنامەیەکی درێژی مەسعود محەمەد بۆ سەعدون حەمادی کە یەکێکبوو لەسەرکردە دیارەکانی حزبی بەعس، نامەکە پاشتر لەلایەن محەمەدی کوڕی مەسعود محەمەد کراوە بەکوردیی‌و لەلایەن دەزگای ئاراسەوە ساڵی 2011 چاپکراوە.

ئەم کتێبە جگە لەدەقە کوردیەکە، دەقە عەرەبییە ئەسڵییەکەشی تێدایە، کە پێشتر بەدەستوخەتی مەسعود محەمەد نوسراوە، ئەم نامەیە بریتییە لەوتارێکی درێژی مەسعود محەمەد کە وەڵامی زنجیرە وتارێکی سەعدون حەمادی داوەتەوە کە پێشتر لەساڵی 1992 ڕۆژنامەی (الجمهوریه‌) بەناونیشانی (البراکماتیه‌ فکر فی خدمه‌ الاستعمار) بڵاوکراوەتەوە.

نووسەر هەوڵیداوە بە شێوازێكی ئەدەبیانە و ڕێزدارانە، رەخنەی توند لە سەعدون حەمادی  و حزبەکەی بگرێت.  سەعدون حەمادی لەم وتارەیدا هێرشی توندی کردۆتە سەر فکری براگماتیکی و بە فکرێکی خۆرئاوایی و ئیمپریالیستی داناوەو پێی وابووە کە ئەم فکرەیە بۆ خزمەتی ئەوان دروستبووە و بە زەرەری گەلانی تازەپێگەیشتوو تەواو دەبێت. مەسعود محەمەدیش لەپەنا داکۆکیکردن لە فکری پراگماتیزمدا، رەخنەی توندی لە مێژووی عەرەب و رژێمی بەعس دەگرێت. 

میدیای بەعس
مەسعود محەمەد لەسەرەتای نامەکەیدا، رەخنەی توند لە میدیای بەعسییەکان دەگرێت و بە دگۆما وەسفیان دەکات و دەڵێت:
هەموو میدیای عیراقی دۆگمایە، بۆیە ئەو رۆژنامانە بۆ فڕێدان باشن، ل13 

گەندەڵی حكومەت
پاشان هێرشی توند دەکاتە سەر حکومەت و باسی دیاردەی گەندەڵی دەکات و دەڵێت: لە هەشتاکاندا کابرایەک بێ واستە و بەرتیل دەبوایە دوو ساڵ بوەستێ تا دوو تۆن چیمەنتۆی وەربگرێت، کەچی کابرای دەوڵەمەند و بە دوو رۆژ سەدان تۆنی وەردەگرت و سەرباری ئەوەش پارێزگاری شارێك دەهات و سەد تۆنی تری بۆ دەنارد. ل 20
پاشان دەڵێت: هەر هاووڵاتییەک واستەی نەبێت، زەڕەیەک نرخی نییە. ل27

دیکتاتۆریەت و بەشداريی خەڵکی لەسیاسەتی حکومەت
لە هەمووی گرنگتر، مەسعود محەمەد رەخنەی توند لە سیاسەتی بەعسییەکان دەگرێت و دژی دیکتاتۆریەتیش دەوەستێتەوەو دەڵێت: زۆرینەی خەڵک لە تەواوی مێژووی ئیسلامدا، نە لە دوور نە لە نزیک، دەستیان لە دروستکردنی بڕیاردا نەبووە. ل23
دواتر رەخنەکانی توندتر دەکاتەوەو دەڵێت:  زۆر لە مێژە دووبارەی دەکەمەوە کە ترسناکترین شت لە سیاسەتدا ئەوەیە، ئەگەر هێز و پارە هەمووی لە دەست یەک کەسدا کۆبکرێتەوە. ل29

پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ
لەلایەکی ترەوە مەسعود محەمەد بە توندی دژی ئەو پێشێلکاریانە دەوەستێتەوە کە بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەکرێت لە سایەی حکومەتەکانی خۆرهەڵاتدا، کە رژێمی بەعسیش دەگرێتەوە، بەتایبەتیش لە زیندانەکاندا، کە شێوازی ئەشکەنجەدان بەکاردەهێنن.

لەم وڵاتانەی خۆمان، خوا لە حاڵی ئەوانە بێ خۆپیشاندانێک دژی حکومەت دەکەن، گومان نییە کە کوژراوەکانیان لە کوژراوەکانی ئەو شەڕە بەردەی فەلەستین زۆرتر دەبێت. فەرموو کوژراوەکانی دەستی هاوسێ و هاوخەباتەکان بژمێرە لەوەتی شۆڕشی 1952 لە میسر و 1958 لە عیراق روویانداوە. ل49

واتە رژێمە عەربییەکان لە ئیسرائیل خراپترن. پاشان دەڵێت: بەندییەکانی خۆرهەڵات ئیعدام بکرێن باشترە تاوەکو لە زینداندا بمێننەوە، چونکە بە مردن رزگاریان دەبێت لەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارانەی کە لە زیندان دەیکێشن. ل28
واتە ئازارو ئەشکەنجەدان لەزیندانەکانی عێراقدا هەبووەو زۆریش ترسناک بووە. 
 
کۆمەڵگە زۆرەملێکان
کۆمەڵگە زۆرەملێکان، یەکێک بوو لە سیاسەت فاشیستەکانی رژێمی بەعس بەرامبەر بە گەلی کورد، مەسعود محەمەد رەخنەی توند لەم سیاسەتە دەگرێت و دەڵێت: سەبارەت لە هێشتنەوەی هیندییە سوورەکان لە کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا، بەڵام مسۆگەر نییە ئاخۆ ئەوە بە رەزامەندی هیندییەکان بووە یان بە فەرمانی حکومەتی ئەمریکا، بەڵام دەبێ لەبیرنەکەین کە ئەوان ئێستا بایەخ بە ژیانی ئاژەڵیش دەدەن چ جا مرۆڤ؟ کەچی (عیراقی  خۆشەویستمان) لە مەسەلەی کۆمەڵگەی زۆرەملێدا کەمی نەکردووەو هەرچەند باسی پینە و پاساو بکرێت لە راستیدا ناوەڕۆکەکان یەک شتن و ئەنجامەکانیش هەمان شت.ل54

سیاسەتی شەڕەنگێزانەی رژێمی بەعسی سەدامی
لەلایەکی ترەوە رەخنەی توند لە سیاسەتی شەڕەنگێزانەی رژێمی سەدام دەگرێت و دەڵێت: باشە چ مافێکە و چ میراتێکی دینییە وا لە عێراق دەکا، دژایەتییەکی گەرم و گرژی هەبێت لەگەڵ ئێران و تورکیا و سووریا و میسر و سعودیە و تێكڕای وڵاتانی کەنداو؟ تۆ بڵێێت دوژمنایەتییەکە بە میرات بۆی ماوەتەوەو 3000 ساڵە خۆی مات کردووەو تازە بە تازە بەخەبەرهاتووەتەوە؟64ل

مێژووی عەرەب و ئیسلام 
لە شوێنێکی تردا رەخنەی زۆر توند لە مێژووی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت، بەجۆرێک تا ئێستا هیچ نووسەرێکی کورد، هێندەی مەسعود محەمەد رەخنەی توندی بەو شێوەیە نەگرتووە. نووسەر دەڵێت: داگیرکەر ئەگەر عەرەب بووبێت یان عەجەم، هەموو کات رووی لە وڵاتی زەنوێرکردووە نەک وڵاتی چۆڵ، هەمان شتیشە کە خەڵکیان بە تاڵان بردووە، ئەمە وەک پاداشتێک بووە بۆ رەنجی خۆیان.ل54

ئیسلام پێش هەموو کەس دەستی بۆ دوو ئیمپراتۆریەت درێژکرد، یەک لەم دووە مەسیحی بوو. ئینجا میسرێکی قیبتی داگیرکرد و زمانی خۆی لە جێی زمانی وان دانا، دینی خۆی لە جێی دینەکەیان دانا، تا مەترسییەکان بنەبڕ کرد. ئیسلام لەپاڵ ئەوانەدا لەڕێی هێزەوە بڵاوبووەوەو لەڕێی ( رباگ الخیل ترهبون به عدو الله و عدوکم) بە باکووری ئەفریقادا رۆیشتن و پەڕینەوە بۆ ئیسپانییەکی مەسیحی  و ئەگەر تووشی شكست نەهاتاتبان، کە بەهۆی تاڵانکارییەوە تووشی بوون، ئێستا ئەوروپا لە بارێکی جودا بوو.ل61

مێژووی ئیسلامەتی بریتییە لەزنجیرەیەکی نەپساوە لەشەڕو هەنگ‌و وێرانکاری کە موسڵمان دژ بەموسڵمانی کردووە، سەیرم بەوەدێت چۆن مێژوو جێی ئەو هەموو شەڕو کوشتارەی تێدا بووەتەوە هەر لەسەردەمی ئەمەوی تا عەباسی، ئەو هەموو کوشتارە کە ئاژەڵیش نایکات، هەزاران ژن‌و منداڵ‌و پیر، بەچەشنی مریشک بەشێوازێکی ئاژەڵانەو کافرانەو بێ ئابڕوانە سەربڕاون...ل61 

ڕەخنە لەکۆمۆنیزم
مەسعود محەمەد بەوە ناسراوە کە دوژمنایەتی فکری  کۆمۆنیست‌و شۆڕشگێری دەکات، بەجۆرێک گەیشتۆتە ئاستی توندڕەویی. لەم نامەیەشدا لەچەندین شوێندا هێرشی توند دەکاتە سەر فکری کۆمۆنیزم و رابەرەکانی ئەم بزووتنەوە فکریی و سیاسییە. سەرەتا بە مارکس دەستپێدەکات و دواتریش دەکەوێتە وێزەی ئەوانی تر.

مارکس دەڵێت: کار مرۆڤ دروست دەکات، گوتەیەکی پوخت نییە، چونکە بەبێ (عەقڵ، تێگەیشتن و درکاندن) کار هیچ مۆرکێک بەخۆوە ناگرێت. ل35
دواتر دێتە سەر یەکێتی سۆڤیەت و چین و دەڵیت: ڕوسەکان لەفیزیکدا باوەڕیان بەحەتمیەت نییە، کەچی لەمێژوودا باوەڕیان بەحەتمیەتی مێژوو هەیە. ل31

دواتریش رەخنە لە ماوتستونگ دەگرێت و سیاسەتی کەلتوری، بە قۆناغی خوێناوی چین وەسفی دەکات. ل25

چەند سەرنجێک 
لەپاش خوێندنەوەی کتێبەکە بەڕاستی من تووشی سەرسامی بووم، بەلامەوە سەیربوو کە رژێمی پێشوو، بەرگەی ئەم هەموو رەخنە توندانەی نووسەرێکی کوردی گرتبێت، چونکە ئەمە لە کاتێکدا نووسراوە، تازە رژێمی سەدام لە جەنگی کوێت بە دۆڕاوی گەڕاوەتەوە، پاشان بە دڕندانەترین شێوە، سەرکەوتی ڕاپەرینی باشوور و ناوەڕاستی عیراقی کردووەو کوردیش لە ترسی ئەم ڕژێمە کۆڕەوی کردووە، لەبەرئەوە زۆر بەلامەوە سەیربوو چۆن ئەم رژێمە  بەرگەی ئەم رەخنانەی گرتووەو سزای نووسەرەکەی نەداوە.

لەلایەکی ترەوە مەسعود محەمەد لە کتێبەکەیدا رەخنە لە سیاسەتی دیکتاتۆری دەگرێت، داوای دیموکراسی دەکات، کەچی هەر خۆشی باس لەوەدەکات کە سیستەمی دیموکراسی بۆ ئەم ناوچەیە نابێت. لەمبارەیەوە دەڵێت: دیمۆکراسی لەدەرختێکە کە ڕەگی لەخاکی جیهانی سێیهەمدا ناچەقێت، مەگەر تەنها گوڵ‌و درەختەکانی نێو ئینجانەکە لێرەو لەوێ بۆ جوانی دادەنرێن، دەنا نە گوڵ دەکەن و نە گەڵایان شین دەبێت، چونکە ئەو خاکەمان نییە. ل 41

هەرچەندە ئەمەش بۆچوونێکی گشتگیرانە و دروستیش نییە، چونکە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێهەم ئەمڕۆ بوونەتە خاوەنی سیستەمێکی دیموکراسی بەتایبەتی لە ئەمریکای لاتین و ئاسیا و تەنانەت لە ئەفریقاش. 

لەلایەکی ترەوە نووسەر دەڵێت: کە وڵاتێکی دواکەوتوو لاسایی وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکاتەوە، زۆربەی جار ئەو ئەنجامە باشەی نابێ، چونکە پێشکەوتن لە ناوچەکەماندا ئەو خۆراکە سروشتیەی نییە بۆئەوەی شارستانی و لە خۆرا ببووژێتەوە.ل42

لەمەشدا نووسەر ئەم بۆچوونەی راست نییە، چونکە لاسییکردنەوەی خۆرئاوا لە پێشکەوتندا هەڵە نییە، بۆ نموونە ئەگەر وڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و تەنانەت چینیش، هەمان رێچکەی گەشەسەندیان نەگرتایەتەبەر، ئەوا هەتاوەکو ئێستاش بە دواکەوتوویی دەمانەوە.