بۆچی ئێران لەپێناو فڕۆکەی J-10Cی چینی دەستبەرداری SU-35ی ڕوسی بوو؟

جیهان

21 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3796 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی ستراتیژیدا کە ئامانجی مۆدێرنکردنی هێزە ئاسمانییەکەیەتی، ئێران سەرنجی خۆی ئاراستەی چین گۆڕیوە بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی فرە ڕۆڵی Chengdu J-10C، بەدەر لەڕێکەوتنە کێشەدارەکەی لەگەڵ ڕوسیا بۆ فڕۆکەی جۆری SU-35.


ئەم گۆڕانکارییە لەکاتێکدادێت کە تاران هەوڵدەدات توانا بەرگرییەکانی خۆی بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییە پەرەسەندوەکانی ئیسرائیل‌و ئەمریکا بەهێزتر بکات، بەتایبەتیی دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییە کە پێگە هەستیارەکانی ناوخۆی ئێرانیان کردە ئامانج، لەنێویاندا دامەزراوە ئەتۆمییەکان.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکان، دانوستانەکانی تاران‌و پەکین بۆ کڕینی 36 فڕۆکەی J-10C لەقۆناغی پێشکەوتودایە، ئەمەش دوای داڕمانی گرێبەستێکی ساڵی 2022 لەگەڵ مۆسکۆ دێت کە به‌گوێره‌ى ئەو گرێبەستە ئێران بڕیاربوو 50 فڕۆکەی جەنگی سو-35 بەدەستبهێنێت، بەڵام تەنها چوار فڕۆکە ڕادەستکران، ئەمەش لەکاتێکدایە کە باس لەوەدەکرێت وەجبەیەک کە لەسەرەتادا بۆ ئێران ئامادەکرابوو، بەڵام لەمانگی ئاداری 2025دا ڕەوانەی جەزائیر کراوە.

فڕۆکە جەنگیەکانی چینی J-10C کە لەنەوەی 4.5یەو لەئێستادا لەگەڵ هێزی ئاسمانیی پاکستان لەخزمەتدایە، بەچەند هۆکارێک بەدیلێکی سەرنجڕاکێشە بۆ ئێرانە، بەوپێیەی نرخەکەی نزیکەی 40 بۆ 60 ملیۆن دۆلار کەمترە لەهاوتا ڕوسییەکەی‌و بەتوانای شەڕی مۆدێرن  تەیارکراوە، وەک هەڵگرتنی موشەکی ئاسمان بۆ ئاسمانی مەودای دوری  PL-15.

ئێران لەساڵی 2015وە ئارەزوی خۆی بۆ ئەو فڕۆکانە دەربڕیبوو، بەڵام دانوستانەکان لەوکاتەدا بەهۆی ناکۆکی دارایی‌و گەمارۆی چەکی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆسەر تاران وەستان.

هەرچەندە ئێران سیستەمی بەرگرییی ئاسمانی ناوخۆیی پەرەپێداوە، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمدواییە کە ناوی "جەنگی دوانزە ڕۆژە"ی لێنراوە، لاوازی ئەو سیستەمەی ئاشکراکرد، ئەمەش تارانی هانداوە پەلەبکات لەبەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگیی هاوچەرخ.