دڵشاد هیوا
لە جیهانی پڕشه‌پۆلی جیاوازی داگیركاریی ئەمڕۆماندا، کە کولتور و زمانە ژێرده‌سته‌كان ده‌بن به‌ژێر سێبەری جیهانگیرییه‌وه، سێ شەوانه‌ی "ڕاشه‌نی شه‌وکۆ" دەرفەتێک بوو تا زمان، ئەدەبیات و گۆرانیی کوردی وەک ستوونە سەرەکییەکانی ناسنامەی نەتەوەیه‌ك، چه‌قی سەرنجی جیاواز بن. ئەم بەرنامە کولتورییە، کە بە ئامادەبوونی ژماره‌یه‌ك نووسەر و هونەرمەند و تەماشاکەری پڕهه‌ست به‌ڕێوه‌چوو، بووە یەکێک لە جیاوازترین و کاریگەرترین ڕووداوە کولتورییەکانی كوردستان له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا.
هەر سێ شەو، زمان، ئەدەبیات و گۆرانیی کوردی پێکەوە و لە پەیوەندییەکی ته‌ریبدا باس کران. زمان، وەک یەکەم و بنەڕەتیترین توخمی ناسنامە، لە ناوەندی گفتوگۆکاندا بوو. به‌شداربووان جەختیان له‌وه کردەوە کە زمانی کوردی، لە ئامرازێكی پەیوەندیکردن زیاتره، میراتێکی زیندوو و چالاکە کە مێژوو، کولتور و هەستەکانی گەلی لە خۆیدا هه‌ڵگرتووه. یەکێک لە باسە هەڵبژاردەکان ئەوە بوو: چۆن زمانی کوردی، سەرەڕای هەموو ئاستەنگە مێژووییەکان، توانیویەتی زیندوو بمێنێتەوە و هێشتا ڕۆڵی خۆی وەک ناسنامەبەخشێكی سه‌ره‌كیی نەتەوە ده‌گێڕێت؟
ئەدەبیاتی کوردی، دووەم تەوەری سەرەکیی ئەم دیداره بوو، كه وەک یەکێک لە ئامرازە گرنگەکان بۆ گواستنەوەی مێژوو و بەها کولتورییه‌كان بۆ نەوەکانی داهاتوو، خرایە ڕوو. شاعیر و نووسەرانی کوردی لە کۆنەوە توانیویانە لە وشەکانیاندا، چیرۆک، خۆشەویستی و بەرگرییەکانی نەتەوەکەیان بنەخشێنن و بیكه‌نه كه‌ره‌سته‌ی مانه‌وه. هه‌مووان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئەدەبیاتی کوردی، هەمیشە ڕۆڵێکی کلیلیی لە زیندووهێشتنەوەی گیان و ناسنامەی کوردی‌دا هەبووە. هه‌ر بۆیه جەخت له‌وه کرایه‌وه کە ئەم ئەدەبیاتە نەک تەنیا دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و بپارێزرێت، بەڵکو بەپێی بارودۆخی نوێی جیهان، دەبێت بۆ ڕاکێشانی به‌رده‌نگی نوێش، خۆی پێناسه بكاته‌وه و كار له‌سه‌ر خۆی بكات.
گۆرانیی كوردی، بە مەقامە ڕەسەنەکان و ئاوازەکانی، کە لە دڵی مێژوو و سروشتەوە لەدایک بوون، سێیەم بابەتی سه‌ره‌كیی ئەم بەرنامەیە بوو. چونكه وه‌ك گقتوگۆی له‌باره‌وه كرا؛ گۆرانیی کوردی لە کۆنەوە گێڕەرەوەی هەستە کۆمەڵایەتییەکانی گەل بووە؛ لە خەم و شکستەکانەوە تا شادی و سەرکەوتنەکانمان. لە هەر سێ شەودا، گۆرانی و مەقامی کوردی پێشکەش کران و نیشان درا کە چۆن گۆرانی و مۆسیقای كوردی دەتوانێت وەک زمانی پارێزه‌ری نه‌ته‌وه، دڵەکان بەدەست بهێنێت. تەماشاکەران چەندین جار لەژێر کاریگەری پێشکەشکردنی مەقام و گۆرانییەکاندا كه‌وتنه جۆش و خرۆش؛ هه‌ستێكی نۆستالیژیكی تایبه‌تی خستبوونییه ژێر ڕكێفی خۆیانه‌وه. ئه‌وان، هه‌موو جارێك بۆ ده‌ربڕینی هه‌سته جیاوازه‌كه‌یان له‌م سێشه‌وانه كولتورییه‌دا، ده‌یان جار هۆڵه‌كه‌یان تژی له چەپڵەلێدانی درێژخایەن ده‌كرد، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی کاریگەریی قووڵی گفتوگۆكانی ئاماده‌بووان و ده‌نگ و نه‌وای هونه‌رمه‌ندان بوو لەسەر ئه‌وان.
یەکێک لە گرنگترین گرفته باسلێكراوه‌كانی ئەم سێ شەوە، مەترسی جێگرتنەوەی زمانە بێگانەکان، بەتایبەتی ئینگلیزی بوو، لە سیستەمە پەروەردەییەکان و دامه‌زراوه گشتی و تایبه‌ته‌كاندا. به‌شداربووان داوای پشتگیریی زیاتریان بۆ زمانی کوردی کرد، تا وه‌ك زمانی سەرەکیی قوتابخانە و زانکۆکان بمێنێته‌وه. لەم باسانەدا، تەماشاکەرانیش بەشدارییان کرد و بە دەربڕینی نیگەرانی و پرسیارەکانیان، نیشانیان دا کە ئەم بابەتە چەندە گرنگە بۆ خۆیان و ڕۆڵه‌كانیان.
كه‌شی بەرنامەکە تەنیا گفتوگۆ نه‌بوو. لە هەر سێ شەودا، مه‌قام و گۆرانیی ڕه‌سه‌نی كوردی پێشكه‌ش كران. ئه‌مه‌ش سه‌رباری دروستكردنی هه‌ستی نزیكایه‌تی له نێوان به‌شداربوواندا، ئەم ڕووداوەی کردە ئەزمونێکی لەبیرنەکراو.
تەماشاکەران دوای کۆتایی هەر شەوێک، لەگەڵ نوسه‌ران و هونه‌رمه‌نداندا ده‌ئاخاوتن، وێنەیان دەگرت؛ به‌ده‌م چاخواردنه‌وه و داكرماندنی كولیچه‌وه، باسەکانیان لە بازنه‌ی بچووكتردا درێژه پێ ده‌دا. ئەم کارلێکە پڕهه‌ستانه نیشانی دەدا کە "ڕاشه‌نی شه‌وكۆ"، بەرنامەیەکی سادەی كڵێشه‌یی نه‌بوو، به‌ڵكو بنکەیەک بۆ خۆدۆزینه‌وه و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و هه‌ستی هاوبه‌ش بوو. نمونەیەک بوو لەوەی کە چۆن دەتوانرێت کولتور و ناسنامە بە شێوازی نوێ و سه‌رنجڕاکێش بخرێنە به‌رباس و گفتوگۆ. ئامادەبووان، شه‌وانه تا دره‌نگ ده‌مانه‌وه و هەموویان بە ڕەزامەندی و هەستی هۆگریی تایبەتەوە هۆڵەکەیان بەجێ هێشت؛ زۆرێکیان جەختیان کردەوە کە ئەم جۆرە ڕووداوانە، دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجامبدرێن.
لە کۆتاییدا، ئەم بەرنامەیە نیشانی دا کە زمان، ئەدەبیات و گۆرانیی کوردی تەنیا ئامرازێک نین بۆ بیرخستنەوەی ڕابردوو، بەڵکو چرایەکن بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی ڕووناکتر. "ڕاشه‌نی شه‌وكۆ"، پەیامێکی سادەی هەبوو: زمانمان، ئەدەبیاتمان و گۆرانیمان زیندوون، به‌ڵام تەنیا بە هەوڵ و یەکگرتنی به‌رده‌واممان، ئەم زیندووبوونە دەبێتە ژیانێكی هەتاهەتایی و نه‌مریی تۆمار ده‌كات.
