شارپرێس:
ڕۆژنامەی زە گاردییان، لەژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردوەتەوە، سوپای ئیسرائیل بەبۆمبێکی 230 کیلۆگرامی، چاخانەیەکی لەکەناراوی غەززە بۆمبارانکردوەو لەئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی بێتاوان کوژرانو برینداربون.
سوپای ئیسرائیل چاخانەی 'ئەلبەقا'ی لەکەناراوی غەززە، بەبۆمبی MK-82ی کە قورساییەکی 230 کیلۆگرامەو دروستکراوی ئەمریکایە، بۆمبارانکردوەو لەئەنجامدا ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی، لەناویاندا ئافرەتو منداڵو پیر، کوژران، یان بەسەختی برینداربون.
وێنەگری ڕۆژنامەی زە گاردییان، وێنەی پارچەکانی بۆمبەکەی نیشانی پسپۆڕی تایبەتی داوەو سەلمێنراوە کە ئەو بۆمبە جۆری MK-82و لەئەمریکا دروستکراوە، قورساییەکەی 230 کیلۆگرامەو لە10 ساڵی ڕابردودا، بەشێوەیەکی فراوان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکارهێنراوە.
پسپۆڕانی چەکو تەقەمەنی دەڵێن، بۆمبەکە توانایەکی وێرانکەری گەورەی هەیەو دادگا نێودهوڵهتیهكان بەکارهێنانی ئەم بۆمبە دژی خەڵکی بێتاوان، بەتاوانی جەنگییو دژە مرۆڤایەتی دەزانن.
لاى خۆیشیهوه وتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل بەپەیامنێری ڕۆژنامەکەی وتوە، "سوپای ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لەبۆمبارانی چاخانەکەو جۆری بۆمبە بەکارهاتوەکە دەکات، چونکە ئێمە بەوردیی جۆری چەکو شوێنی بۆمبارانەکە دەستنیشاندەکەین!".
سەرچاوەیەکی پزیشکیی لەغەززە ڕایگەیاندوە، لەنێوان 24 تا 36 فەڵەستینی لەئەنجامی ئەو بۆمبارانەدا کوژراون کە فیلمسازێکی ناوداری فەڵەستینیو ئافرەتێکی 35 ساڵانو منداڵێکی چوار ساڵانیان تێدایە، ئەمە جگە لەبریندابونی ژمارەیەکی دیکەی هاوڵاتیان.
