فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد حاجی ڕەشید دەرچوو

کوردستان

21 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3022 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەتۆمەتی ناوزڕاندنی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم لەکەناڵێکی عێراقییەوە، دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد حاجی ڕەشید دەرکردوە و ناوبراو دەڵێت،" لێدوانەکەم شێوێنراوە ".

بەگوێرەی نوسراوێکی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر کە ژمارە و ڕێککەوتی دەرچونی لەسەر نییە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری دەرکردوە و داوا لەهێزە ئەمنییەکان دەکات لەهەر شوێنێک بێت دەستگیری بکەن.

هاوکات، ئەحمەد حاجی رەشید لەڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت،" کەناڵی ئەلعەهد لێدوانیکی منیان بەشێواوی بڵاوکردوەتەوە و دوای قسەکردن لەگەڵ کەناڵی ناوبراو ئاگادارکردنەوەیان کەسکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەم، هەر بۆیە دوای لێبوردنیان کردوو دوو سەرنوسەری گروپەکەشیان لەکار دورخستەوە و سەرجەم هەواڵەکەشیان لەتەواوی گروپی تلەگرام وسۆشیال میدیا سڕیەوە  ".

هاوکات، لەنوسراوێکی دیکەی دادگای هەولێر کە رێککەوتی 5ى 6ى 2025ى لەسەرە و ئاراستەی دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی کردوە، داوا دەکات حاجی ئەحمەد ڕەشید دەستگیر بکرێت و بە دەستگیرکراوی ڕەوانەی فەرمانگەی  لێکۆڵینەوەی دادوەری لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێری بکەن

محەمەد سەردار