شارپرێس:
دکتۆر ڤلادیسلاڤ سیب، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی دەرمانسازی
لە زانکۆی پیرۆگۆڤ، ڕایگەیاندووە کە خواردنەوە گازییەکان، بەتایبەتیی ڕەشەکان، مەترسیی
دروستبوونی بەردی گورچیلە زیاد دەکەن بەهۆی بوونی ئۆکسالات و ترشی فۆسفۆریک.
ئەو پزیشکە
ئاماژە بەوەدەکات کە خواردنەوەی 500 میلیلیتر لە خواردنەوە گازییە شیرینکراوەکان بەشێوەی
رۆژانە، مەترسیی دروستبوونی بەردی ترشی یۆرک بە ڕێژەی 25% زیاد دەکات.
هەروەک دەڵێت: ئەم خواردنەوانە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی
ئاستی کالسیۆم لە خوێندا و کۆبوونەوەی فۆسفاتی کالسیۆم لە گورچیلەکاندا، هەروەها شەکر
دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە.
جەختیشی کردۆتەوە کە خێرایی دروستبوونی بەرد پەیوەستە بە
ئامادەیی کەسەکە بۆ تووشبوون بە بەردی کۆئەندامی میز، شێوازی ژیانی، سیستمی خۆراکی،
و بڕی خواردنەوە گازییە شیرینکراوەکان کە دەیخواتەوە.
دەشڵێت: هەموو پێکهاتەکانی خواردنەوە گازییە شیرینکراوەکان،
لەوانەش خواردنەوە "دایتییەکان"، کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەکانی میتابۆلیزم
هەیە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی