ساڵانی حوکمڕانی پینۆشێ لە رۆمانێکدا.. خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی رێگاکانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

هەمەڕەنگ

16/12/2025‌ 72 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
 یەکێک لە دیکتاتۆرەکانی جیهان، ئاگوستۆ پینۆشێ بوو، کە لە ساڵی 1973 کودەتای سەربازی بەسەر سیلڤادۆر ئالیندی کرد، کە سەرۆکی حزبی سۆشیالیست بوو، بەشێوەیەکی دیموکراسیانە لەلایەن خەڵکییەوە هەڵبژێرا بوو. لەو ساڵانەدا گەرمەی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و روسیا بوو، جەنگی بەرەی سەرمایەداریی و سۆشیالیستی بوو، لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان، کودەتای سەربازی بە ناوی دژایەتییکردنی کۆمۆنیستەوە دەکرا، یەکێکیش لەو وڵاتانە چیللی بوو، کە بە یەکێک لە خوێناویترین کودەتای سەربازی دەژمێرێت. پینۆشێ، هیچ جیاوازییەکی نەبوو لەگەڵ دیکتاتۆرەکانی هاوشێوەی لە جیهاندا ساڵانی حوکمڕانی، بە ساڵانی ترس و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت. خۆشبەختانە لە ماوەی پێشوودا رۆمانێکی جوانم دەستکەوت، باسی ساڵانی حوکمڕانی پینۆشێ دەکات، ئەویش رۆمانی (رێگاکانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە)یە، لە نووسینی نووسەری چیللی ئەلیخاندرۆ زامبرایە و  ئارام رەشید  لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان، لە سلێمانی چاپی کردووە. کتێبێکی قەبارە مام ناوەندە و لە 185 لاپەڕە پێکدێت.

ئەلیخاندرۆ زامبرا
چیللی خاوەنی کۆمەڵێک نووسەری بەتوانایە، ئەوانیش سەر بە قوتابخانەی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتینن، کە بە یەکێک لە ئەدەبیاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان دادەنرێت. ئەلیخاندرۆ زامبرا نوێنەرایەتی نەوەی نوێی نووسەرانی چیللی دەکات و ساڵی 1975 لە شاری سانتیاگۆی پایتەختی چیللی لەدایکبووو، ئەندامی (گرووپی بۆگۆتا29)یە، کە بە باشترین نووسەرە لاوەکانی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین دادەنرێن. رۆمانی (رێگاکانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە) خەڵاتی باشترین رۆمانی چیللی  بۆ ساڵی 2012 وەرگرت، هەروەها خەڵاتی  ئەدەبیاتی ساوپاوڵ و پێنی ئینگلیزی پێ بەخشراوە، کە ئەمیش یەکێکە لە خەڵاتە ئەدەبییە گەورەکانی جیهان.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە

رۆمانەکە لە چوار بەش پێکدێت  کە ئەوانیش: (کەسایەتییە لاوەکییەکان، ئەدەبیاتی دایک و باوکان، ئەدەبیاتی منداڵەکان، ئێمە سەلامەتین) رۆمانەکە بەشێوازی فلاشباگ نووسراوە، نووسەر دەگەڕێتەوە بۆ شەوی بوومەلەرزەکەی 3/3/1985ی سانتیاگۆ، لێرەوە دەستپێدەکات و رۆمانەکەش بە بوومەلەرزەکەی 27/2/2010 کۆتایی پێدێت. رۆمانەکە باسی منداڵێکی نۆ ساڵ دەکات کە نووسەر ناوی لێنەناوە، لەگەڵ کلۆدیای 12 ساڵە  دەبنە هاوڕێ، لێرە پەیوەندیی ئەم دوو کەسایەتییە دروستدەبێت، هەتا گەورە دەبن، قۆناغ بە قۆناغ نووسەر لە رێگەی باسکردنی ژیانی ئەم دوو پاڵەوانەوە، باسی ژیانی خەڵکی چیللی-یمان بۆ دەکات. رائول کەسێکە بە تەنیا لە گەڕەکدا دەژی، دراوسێی پاڵەوانی رۆمانەکەیە لە شەوی بوومەلەرزەکەدا (کلۆدیا و دایکی) دەهێنێت بۆ گەڕەکە و دەڵێت، ئەمانە خوشک و خوشکەزامن، دواتر لەگەڵ کلۆدیا دەبێتە هاوڕێ و داوای لێدەکات کە چاودێریی رائول بکات، ئەویش بە رۆحێکی منداڵە رۆژانە چاودێریی ماڵی رائول دەکات کە تەنها یەک دیواریان لە نێواندایە، دوای چەندین ساڵ کە یەکتری دەبییننەوە، ئینجا بۆی دەردەکەوێت کە ئەمە چیرۆکێکی دروستکراوە، رائول باوکی کلۆدیایە، ئەو لەبەرئەوەی ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی چیللییە، بەناوێکی خوازراوەوە، خۆی لە کۆڵانەکەی ئەوان شاردۆتەوە، تاوەکو پۆلیسی نهێنی پێی نەزانن.


شێوازی نووسین

یەکێک لە خاڵە جوان و سەرکەوتووەکانی ئەم رۆمانە شێوازی نووسینی رۆمانەکەیە، رۆمانەکە دەچێتە قاڵبی رۆمانی بیرەوەرییەوە.  نووسەر لە رێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک تەکنیکی رۆمانەکەوە، رۆمانەکەی نووسیوە لەپێش هەموویانەوە(فلاشباگ)، نووسەر هەوڵدەدات وردە وردە تەواوی رووداوەکە پێشکەشی خوێنەر بکات، هەتا لاپەڕەکانی کۆتایی چیرۆکی راستەقینەی (رائول) ئاشكرا ناکات کە بە شێوەیەکی ئەدەبی جوان، ئەو گرێیە بۆ خوێنەر دەکاتەوە.

سەردەمی پینۆشێ

جەنەڕاڵ ئاگوستۆ پینۆشێ ( 1915-2006)  یەکێکە لە دیکتاتۆرە دڕندەکانی ئەمریکای لاتین لە 11 سێپتەمبەری 1973 کودەتای سەربازی بەسەر سیلڤادۆر ئالیندی دەکات، کە بەشێوەیەکی دیموکراسیانە هەڵبژێردراوە، بەڵام پینۆشێ بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، بە بیانووی دژایەتیکردنین کۆمۆنیستەوە، کودەتایەکی سەربازیی خوێنایی ئەنجام دەدات و ماوەی 17 ساڵ، بەشێوەیەکی دیکتاتۆریانە، حوکمی چیللی دەکات و کۆتایی بە ژیانی سیاسی و ئازادیی لە چیللی دەهێنێت. لەم رۆمانەدا پانتایی زۆرباش بۆ ئەو قۆناغە دانراوە و نووسەر هەوڵیداوە، تیشك بخاتە سەر ساڵانی حوکمڕانی پینۆشێ.
«ئێمە لەژێردەسەڵاتی حکومەتێکی دیکتاتۆرییدا دەژیاین، هەموومان دەربارەی تاوان، دەستدرێژی سێکسی، عەسکەرتاریەت و خامۆشی شەوان قسەیان دەکرد. شەوەکان مەترسیدار بوون، هەروەها رۆژەکانیش، ل21».


قۆناغی دوای پینۆشێ

ساڵی 1990 کۆتایی بە حوکمی پینۆشێ و دیکتاتۆرییەت دەهێنرێت و دووبارە ژیانی ئازادیی و دیموکراسی دەگەڕێتەوە بۆ چیللی، ئەم قۆناغەش پانتایی باش لە رۆمانەکە داگیر دەکات بەتایبەتی لە بەشەکانی کۆتاییدا، کاتێک لە رێگەی دیالۆگی نێوان دایک و باوک و کوڕەکەوە باسی قۆناغی دوای پینۆشێ دێتە ئاراوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو  قۆناغە دەکرێت.
باوکی دەڵێت: «راستە پینۆشێ دیکتاتۆر بوو، مرۆڤیشی کوشت، بەڵام لانیکەم لە سەردەمی ئەودا دیسپلین هەبوو، ئەمڕۆ هاوپەیمانی کۆنسەرتاسیۆن کۆمەڵێک دزن، بە درێژایی ئەم چەند ساڵە، لەسەر گیرفانی ئێمە دەلەوەرن، ئەم وڵاتە ئێستا پێویستی بە دسپلینە، ل143.
لە لای خۆشمان لە دوای رووخانی رژێمی سەدامەوە، زۆر گوێمان لەم  جۆرە قسانە بووە.

هەر لەو دیالۆگەدا، کوڕەکە قسەیەکی جوان بە دایکی دەڵێت:
«دایکە هەمووان کاری سیاسییان دەکرد، ئێوەش دەتانکرد، هەردووکتان،  ئێوە بە بێلایەنیتان پاڵپشتی دیکتاتۆریەت بوون.ل 147.»
بەدڵنیاییەوە لە رێگەی ئەم رۆمانەوە، نووسەر تیشکێکی خێرای خستۆتە سەر ساڵانی حوکمڕانی دیکتاتۆر پینۆشێ، هەروەها قسەشی لە قۆناغی دوای دیکتاتۆری کردووە، کە لە زۆر رووەوە لە عیراقی لای خۆمان دەچێت.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە ئارام رەشید بکەین و هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازین.