زانیاریه‌كى گرنگ له‌باره‌ى وه‌رگرتنى ڤاكسین‌و توشبون به‌ئۆتیزم ئاشكراده‌كرێت

تەندروستی

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3445 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی سەلامەتیی ڤاکسینەکانی سەر بەڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕایگەیاندوە، پێداچونەوەی نوێ بۆ بەڵگە زانستییەکان هیچ پەیوەندییەکی لەنێوان وەرگرتنی ڤاکسینەکان‌و تێکچونی سپێکتریۆمی ئۆتیزمدا نەدۆزیوەتەوە، کە ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی ئەو دەرەنجامەیە کە زیاتر لەدوو دەیە لەمەوبەر پێیگەیشتوە.


لیژنەکە دوو پێداچونەوەی ڕێکوپێکی هەڵسەنگاند کە ئەو توێژینەوانەی دەگرتەوە کە لەنێوان ساڵانی 2010 تا ئابی 2025 بڵاوکراونەتەوە.

ئەم توێژینەوانە بەگشتیی سەبارەت بەڤاکسینەکان‌و بەتایبەتی ئەوانەی مادەی "سایمێرسال"یان تێدایە بون، کە پێکهاتەیەکی جیوەی ئەندامییەو بۆ پاراستنی هەندێک ڤاکسین بەکاردێت‌و ڕەخنەگران پێیانوایە، بەشدارە لەتوشبون بەئۆتیزم، بەڵام توێژینەوە زانستییەکان بەتەواوی‌و چەندبارە ئەمەیان ڕەتکردوەتەوە.

لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا، تەنها کاتێک پەیوەندییەک لەنێوان ڤاکسینەکان‌و دەرئەنجامە تەندروستییەکاندا لەبەرچاو دەگیرێت کە چەندین توێژینەوەی کوالێتی بەرز بەبەردەوامی پەیوەندییەکی گرنگی ئاماری بدۆزنەوە.

لیژنەکە ڕونیکردوه‌تەوە کە لەکۆی 31 توێژینەوە، 20 توێژینەوەیان هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر بونی پەیوەندیی لەنێوان ڤاکسین‌و ئۆتیزمدا نەدۆزیوەتەوەو 11 توێژینەوەکەی دیکەش کە ئاماژەیان بەپەیوەندییەکی گریمانکراو دابوو، بەکەموکوڕیی گەورەی ڕێبازناسی‌و ئەگەری بەرزی لایەنداریی دادەنرێن.

مانگی ڕابردوو، ڕۆبێرت کێنیدی جونیۆر وەزیری تەندروستیی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، بەشێوەیەکی تایبەت داوای لەناوەندەکانی کۆنترۆڵکردن‌و خۆپاراستن لەنەخۆشییەکانی ئەمریکا کردوە کە هەڵوێستە کۆنەکانیان بگۆڕن کە ڤاکسینەکان نابنە هۆی توشبون بەئۆتیزم.