ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هێرشكردن ده‌ستیپێكرد.. ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5722 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتە میدیایییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوەدەکەن، ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی لەگەڵ حزبوڵڵا ئامادە دەکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی کۆتایی بۆ داماڵینی چەکی ئەو حزبە لەباشوری ڕوباری لیتانی لوبنان لەکۆتایی ئەمساڵدا.


ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرونۆتی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان ئامادە دەکات، لەگەڵ نزیكبونەوە لەوادەی داماڵینی چەک لەگروپەکە لەباشوری ڕوباری لیتانی كە كۆتایی ئەمساڵە، لەکاتێکدا واشنتۆن هێشتا پێیوایە، دەتوانرێت ڕێگریی لەپەرەسەندنی دۆخەكە بگیرێت.

ڕۆژنامەکە لەزاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندوە، ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ لەگەڵ حزبوڵڵا بوەتە شتێکی حەتمی، چونکە ڕێکخراوەکە بەخێراییەکی خۆی ڕێكدەخاتەوەو بەهێزتر دەبێت، هاوكات ئیسرائیل واشنتۆنی ئاگادارکردوەتەوە کە سوپای لوبنان ڕۆڵی پێویستی خۆی بەجێناگەیەنێت.

پێشتریش ڕۆژنامەی “ئیسرائیل هیۆم” باسی لەوەکردبوو، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پلان بۆ چەند ڕۆژێک شەڕ لەلوبنان دادەڕێژن، کە تێیدا توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا دەکرێنە ئامانج، نەک تەنها لەباشور، بەڵکو لەناوچەکانی دیکەش، بەتایبەتی لەبەیروتی پایتەخت کە حزبوڵڵا خەریکی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازییەکانییەتی.

ڕۆژنامەکە ڕونیکردوەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەنیازە جوڵەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تاووتوێبکات بۆ دەستەبەرکردنی هەماهەنگی تەواو، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل گومانی زۆری هەیە لەتوانای سوپای لوبنان بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا.