شارپرێس:
سبەی پێنجشەممە، بڕیارە پەنابەرێکی کورد کە خەڵکی شاری کەرکوکە،
لەڕیگەی هێلی ئاسمانی ئیمارات لەفڕۆکەخانەی لەندەنەوە دیپۆرتی بەغدا بکرێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەوە پەناخوازە کوردە ماوەی سێ ساڵە
لە ولاتی بەریتانیا دەژی و داوای مافی پەنابەری ڕەتکراوەتەوە، بەهۆیەوە سبەینێ بەشێوەی زۆرەملێ رەوانەی عێراق
دەکرێتەوە.
هاوکات، پەنابەرێکی دیکەی کورد کە لەیەکێك لەگرتوخانەکانی
شاری لەندەن راگیراوە، بە ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی ڕاگەیاندوە،"
هەفتەی پیشو لە ڕێگەی ئۆڵاینەوە دوو کارمەندی بالیۆزخانەی عێراق چاوپێکەوتنیان لەگەڵ
کردم و داوای ناو و زانیاریان لێکردم ،تا هاوکاری حکومەتی بەریتانیا بکەن کە پاسپۆرتی
یەك سەرەم بۆ دەربکەن و بە زۆر دیپۆرتم بکەنەوە، بەلام من ئامادە نەبوم هیچ زانیاریەکیان
پێبدەم ".
ئەو پەناخوازە ئەوەشیخستەڕوو،" بە کارمەندەکانی زیندانم
وت، ئیوە چۆن من دەبەنە بەردەستی حکومەتێک کە من لەدەستی ستەم وجەوساندنەوەی ئەو دەسەڵاتە
هەڵهاتوم . "
باسی لەوەشکرد،" ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لە وڵاتی بەریتانیا دەژیم وخاوەنی سێ منداڵم ".
لەلایەکی دیکەوە، دەشتی جەمال سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری
پەنابەرانی عێراقی سەبارەت بەو چاوپێکەوتنانەی کارمەندانی حکومەتی عێراقی وتی،"
ئیمە ئەم چاوپێکەتنە ئۆنڵاینانەی بەرپرسانی عێراقی لەناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی بەریتانیا
بە ئامانجی دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ پەنابەران بە توندی شەرمەزاردەکەین، ئەم کارانە
پیشێلی مافی پەنابەران وتایبەتمەندی وستاندارە نێودەوڵەتیەکانی پاراستنیانە، نابێت
هیچ پەنابەرێك بەزۆر بخریتە ژیر گوشار بۆ ناساندنی ناسنامەکەی، کە ببێتە هۆی گەرانەوەو
مەترسی بۆ سەر ژیانی".
ئەم هەوڵانەی حکومەتی
بەریتانیا لەچوارچێوەی واژوکردنی ڕێککەوتنێکی فەرمییە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بۆ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی داوای مافی پەنابەرییان
ڕەتکراوەتەوە.
شایەنی باسە، لەئیستەدا زیاتر لە 25 پەنابەری کورد لەگرتوخانەیەکی لەندەن دەستبەسەرکراون بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەی
زۆرملێ بۆ عێراق.
