شارپرێس:
گۆڤاری "ناشناڵ ئینترست" لەراپۆرتێکدا ئاماژە بەوەدەکات، دیمەنە دوبارەبوەکانی پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەرانی ئێرانو هێزە ئەمنییەکان، ئاماژەن بۆ گوشارێکی ناوخۆیی مەترسیدار کە ڕەنگە ببێتە هۆی ڕوخانی ڕژێم، دەشڵێت، "بەلەبەرچاوگرتنی دانیشتوانێکی 92 ملیۆن کەسی، هەرەسھێنانی ئێران وەک بومەلەرزەیەکی گەورە دەبێت کە کاریگەرییەکانی زۆر لەسنورەکانی ئەو وڵاتە تێدەپەڕێت".
گۆڤارەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، "ئەوانەی هانی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دەدەن، پێویستە بەقووڵی بیر لەوەبکەنەوە، ئایا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەتوانن لێکەوتە هەرێمییەکانی ئەو گۆڕانکارییە بەڕێوە ببەن یان نا".
ئاماژهى بهوهشكردوه، "پێکهاتەی دیمۆگرافی ئاڵۆزی ئێران لەیەک کاتدا سەرچاوەی هێزو تەحەددایە، بەوپێیەی نەتەوەکانی وەک کورد لەباکوری ڕۆژئاوا، بەلوچ لەباشوری ڕۆژئاوا، ئەهوازییەکان لەخوزستانو ئازەرییەکان لەباکور، خاوەنی شوناسو خواستو ویستی جیاوازن، لەئەگەری ڕوخانی دەسەڵاتی ناوەندیدا، ڕەنگە ئەم پێکهاتانە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆبەڕێوەبەری یان سەربەخۆیی بدەن".
ئهوهشى ڕونكردوهتهوه، "هەرچەندە ئەگەر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن وەک ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرگریی بەڕێبەرایەتی مریەم ڕەجەویو ئەنجومەنی نیشتمانیی ئێران بەسەرۆکایەتی ڕەزا پەهلەوی یەکبگرن، ڕەنگە بتوانن ڕێگریی لەپارچە پارچەبون بگرن، بەڵام ئاسۆکانی ئەم لێکتێگەیشتنە ناڕونن".
لهو ڕاپۆرتهدا باس لهوهشكراوه، هەردوو بەرە تێڕوانینی جیاوازیان هەیەو زۆرجار نەیانتوانیوە گەرەنتییەکی جێی متمانە بۆ مافی کەمینەکان دابین بکەن، ئەمەش وایکردوە بێمتمانەیی لای نەتەوە جیاوازەکان بمێنێتەوەو مەترسیی جیابونەوە زیاتربێت.
چاودێرانیش بۆچونیان وایه، لێکەوتە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەم گۆڕانکارییە زۆر فراواندەبن؛ تورکیا کە هەمیشە هەستیاری بەرامبەر پرسی کورد هەیە، بەوردی چاودێری جوڵەی کوردانی ئێران دەکات، چونکە دەشێت هانی کوردانی ناوخۆی تورکیا بداتو گرژییەکان لەسەر سنور زیاتر بکات.
وڵاتانی کەنداویش چاویان لەپارێزگای خوزستان دەبێت کە زۆرینەی عەرەبەو مێژویەکی درێژی لەپەراوێزخستن هەیە، ئەمەش دەرفەتو هەڕەشەی نوێ دەخاتە بەردەم ناوچەکە.
هاوکات پاکستان ڕوبەڕوی لێکەوتهی نەتەوەیی دەبێتەوە، چونکە بەلوچەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا دابەشبونو گۆڕانکاریی لەتاران دەکرێت بزوتنەوەی بەلوچەکان لەپاکستاندا چالاکتربکات.
ئازەربایجانیش بەهۆی هەبونی کەمینەیەکی گەورەی ئازەری لەباکوری ئێران، ڕەنگە هەوڵی فراوانکردنی هەژمونی خۆی بدات، ئەمەش مەترسی گرژیی نەتەوەیی لەهەردولای سنور دروستدەکات.
بۆ ئیسرائیل، لێکەوتەکان یەکجار گرنگن؛ نەک تەنها لەبەر چارەنوسی کەمینە جوە کۆنەکانی ناو ئێران، بەڵکو لەبەر مەترسی دروستبونی بۆشاییەکی دەسەڵات کە تێیدا گروپە توندڕەوەکان جێ پێی خۆیان قایم بکەن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ڕوخانی ڕژێم هاوسەنگی هێز لەنێوان زلهێزەکان تێکدەدات، ڕوسیا هاوپەیمانێکی گرنگ بۆ هاوسەنگکردنی هەژمونی ڕۆژئاوا لەدەستدەداتو چینیش کە ئێران بەتەوەرێکی سەرەکی پڕۆژەی "ڕێگهو پشتوێن"و سەرچاوەی وزە دەبینێت، ناچاردەبێت بەخێرایی لەستراتیژییەکانی خۆی لەناوچەکەدا بچێتەوە.
لەکۆتاییدا، ڕوخانی ڕژێمی ئێران، تەنها گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەکی مێژوییە کە لێکەوتەکانی لەهەموو جیهاندا دەنگ دەداتەوە.
