پەرەسەندنەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1639 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دوای ئاماژەکانی سیناتۆر لیندسی گراهام سەبارەت بە نزیکبوونەوەی پێشهاتە چارەنووسسازەکان چووەتەئاستێکی مەترسیدارەوە، هاوکات سەرچاوەکان باس لە جموجۆڵی بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە نزیک ئاسمانی ئێران دەکەن.

بەرپرسێکی ئەمریکی لە کۆشکی سپی دەڵێت، بژاردەی سەربازی لەدژی ئێران چووەتە قۆناغێکی پێشکەوتووەوە.

لە ناوخۆی وڵاتدا ئێران لە هەوڵێکدا بۆ دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکان بە زەبری هێز پەنای بۆ سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان بردووە، کە سەدان کەسی کوشتووە و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.

 ئیسرائیل دەڵێت کە ئەم ناڕەزایەتیانە، بەم شێوەی ئێستا بەس نین بۆ ڕووخاندنی ڕژێم، مەگەر بەردەوام بن و دووبەرەکی ناوخۆیی دروست بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوپەڕی ئامادەباشی بۆ ئەگەری لێدانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کردووە لەکردنەوەی پەناگەکان و ڕێوشوێنەکانی فریاگوزاری خێرا.

لەم چوارچێوەیەدا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێوەندی بە ستیف وێتکۆف نوێنەری ترەمپەوە کردووەو داوای گفتوگۆ و ڕێککەوتنی ئەتۆمی کردووە.

بەیانی ئەمڕۆ ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران داوای گفتوگۆی کردووە، بەڵام ڕەنگە بژاردەی بەهێزیان لەپێش گفتوگۆدا هەبێت، کاتێک ئێران لە کوشتنی خۆپیشاندەران هێڵی سووری بەزاندووە.

کۆشکی سپی لەپۆستێکدا لەسۆشیال میدیا بڵاویکردەوە خودا سوپا و وڵاتی ئەمریکا بپارێت، دەستپێدەکەین.

شارەزایانی دۆخی ئێران هەر زوو لێدوانەکەی ترەپ و پۆستەکەی کۆشکی سپیان وەک نزیکبوونەوەی گورزی سەربازی لەئێران زانی.

ڕەنگە تا سبەی سێشەممە بۆ ئێرانییەکان چارەنووسسازبێت لەنێوان دوو بژاردەدا، یەکێکیان دەستپێکردنی هەنگاوەکانی کۆتاییهاتنی ڕژێمەکەیە، ئەوەی دیکە جارێکی دیکە ڕزگاربوونیەتی لەو گووشارەی لەسەری دروستبووە.

لە بەرامبەردا تاران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی بەرفراوانی کردووە لە ئەگەری هێرشێکدا و ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج.

 بەڵام لە واشنتۆن مەزەندە دەکرێت کە هەموو ئەو سیناریۆیانەی کە بۆ ترەمپ دەخرێنەڕوو، چ لێدانی سنووردار، چ بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتی، یان هەڵمەتێکی سەربازی درێژخایەن، مەترسی ستراتیژیی جددییان لەگەڵدایە.

دەسەڵاتدارانی تاران هەرچەندە لەژێر گووشارێکی کەموێنەدان، دەڵێن ئێمە خوازیاری شەڕنین، بەڵام بۆ شەڕ ئامادەین، گورز لەئیسرائیل و ئەمریکاییەکان لەناوچەکەدا دەوەشێنێن.