لەتەنها شەوێکی خۆپیشاندانەکانی تاران و کرماشان شەش هاوڵاتی کورد شەهید بوون

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 137 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئەمیر عەلی حەیدەری، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی کورد و خەڵکی کرماشان، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومییەکان شەهید بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناوەندە حکوومییەکان بنەماڵەی ئەم منداڵەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە تا مردنی ناوبراو بە کەوتنە خوارنەوە لە بەرزایی لە قەڵەم بدەن.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، شەوی (٨ی کانوونی دووهەم ٢٠٢٦)، ئەمیرعەلی حەیدەری ئابادی، ١٧ ساڵە و خەڵکی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومییەکان شەهید بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک بە بنەماڵەی ئەمیر عەلی حەیدەری ئابادی، ناوبراو لە شەقامی کاشانی شارۆچکەی ئیلاهیەی کرماشان بە چەکی کڵاشینۆف تەقەی لێکراوە و گوللە نزیک دڵی پێکاوە و گیانی لەدەست داوە.

دەشڵێت، تەرمی ئەمیر عەلی حەیدەری ئابادی پاش وەرگرتنی یەک میلیار تمەن بە بنەماڵەکەی دراوەتەوە.

هەروەها لە بەڵگەنامەی مردنەکەی پزیشکی یاسایی سەبارەت بە هۆکاری مردنی ئەم منداڵە، هیچ ئاماژەیەکی بە فیشەک نەکردووە و لە ڕاپۆرتەکەدا گوتراوە کە بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست داوە.

هاوکات عەلیڕەزا سەیدی، ١٧ ساڵە و خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومییەکان لە تاران شەهید بووە.

هەروەها سەلام میرانی، ٥٠ ساڵە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی گوندی چەشمیەر سەر بە شاری مەریوان و دانیشتووی قەلعە حەسەن خان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاران شەهید بووە . 

لە لایەکی دیکەوە، ئیبراهیم ئەحمەدپووریان خەڵکی گوندی شێخەڵە سەر بە شاری سەقز و دانیشتووی ناوچەی فەرهەنگسەرا لە تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومییەکان لەم ناڕەزایەتییانەی خەڵکی شار لە هەمان ڕۆژ گیانی لە دەست دا.

هەروەها محەممەد زەمانی، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی تاران لە ئەنجامی ئەم ناڕەزایەتییانە لە تاران شەهیدبووە.

بورهان سەیدی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی گوندی ئێگنیجە سەر بە شاری سەڵماس یەکێکی دیکە لەو هاووڵاتییە کوردانەیە کە لەتاران کوژراوە. ناوبراو لە تاران سەرقاڵی کرێکاری بووە.