مۆساد بەرپرسێکی تری حەماسی کوشت

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 443 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆ لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەخان یونس، موقەددەم مەحموود ئەستەل تەمەن 40 ساڵ، بەهۆی تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلێکەوە لە ناوچەی مەواسی لە ڕۆژئاوای خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، کوژراوە.

 
وەزارەتەکە ڕوونی کردۆتەوە کە تیرۆرکردنی ئەستەل لەسەر دەستی "بەکرێگیراوانی ئیسرائیل" بووە، و دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە و سەرقاڵی شوێنپێهەڵگرتنی تاوانبارانن.

وەزارەتی ناوخۆ هیچ وردەکارییەکی زیاتری سەبارەت بە ناسنامەی ئەنجامدەران یان هۆکارەکانی پشت تیرۆرکردنەکە ئاشکرا نەکردووە.

کوشتنی بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی پۆلیس لە خان یونس نزیکەی مانگێک دوای کوژرانی ئەحمەد زەمزەم دێت، کە ئەفسەر بوو لە وەزارەتی ناوخۆ لە غەززە و لە 14ی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا تیرۆر کرا.

ئەو کاتە وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان تێوەگلانی هاوکارانی ئیسرائیلیان لە پرۆسەی تیرۆرکردنەکەیدا نیشان داوە، کە لە ڕێگەی تەقەکردنەوە بووە لە کەمپی مەغازی لە ناوەڕاستی غەززەدا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی