شارپرێس:
ماڵپەڕی
«بلومبێرگ»ی ئەمریکی بڵاوی کردۆتەوە کە تورکیا کار دەکات بۆ چوونە ناو ئەو هاوپەیمانییە
بەرگرییەی کە سعودیە و پاکستان لەم دواییانەدا واژۆیان کردووە، جەختیشی کردۆتەوە
کە ئەم هەنگاوە ڕەنگە ببێتە هۆی پێکهێنانی ڕێکخستنی ئەمنیی نوێ کە کاریگەری لەسەر
هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەدا هەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە،
ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەش لە نێوان ڕیاز و ئیسلام ئاباد لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا
واژۆ کراوە، لە بەندێکی ئەم ڕێککەوتنەدا هاتووە کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر یەکێک لەو
دوو وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر وڵاتەکەی دیکە ئەژمار دەکرێت؛ ئەمەش هاوشێوەی ماددەی 5ی
پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە. جێی ئاماژەیە کە پاکستان تاقە وڵاتی ئیسلامییە
خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت.
ڕاپۆرتەکە
ئاماژەی بەوەش کردووە کە تورکیا، وەک ئەندامێکی ناتۆ کە خاوەنی دووەم گەورەترین
سوپایە لەو هاوپەیمانییەدا لە دوای ئەمریکا، لە وتوێژی پێشکەوتوودایە بۆ پەیوەندیکردن
بەم هاوپەیمانییە نوێیە. هەروەک بلومبێرگ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستوویەتییەوە
کە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی ئەگەرێکی زۆرە.
سەرچاوەکان
ڕوونیان کردۆتەوە کە فراوانکردنی هاوپەیمانییەکە بۆ گرتنەوەی تورکیا، لەگەڵ پەرەسەندنی
بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئەنقەرە، ڕیاز و ئیسلام ئاباد لە باشووری ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و ئەفریقا دەگونجێت.
هەروەها
تورکیا ئەم هاوپەیمانییە وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و توانای بەرپەرچدانەوەی
خۆی، بەتایبەت لە سایەی زیادبوونی گومانەکان سەبارەت بە ڕادەی پشتبەستن بە ئەمریکا
و داهاتووی پابەندییەکانی واشنتۆن بە ناتۆوە.
چاودێران پێیان
وایە چوونە ناو ئەم هاوپەیمانییە لە لایەن تورکیاوە، ئەگەر بێت و جێبەجێ بکرێت، ڕەنگە
ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاری لە ئاراستە ستراتیژییەکانی بێت و نیشانەی هەوڵەکانی بێت بۆ
هەمەجۆرکردنی هاوبەشییە بەرگرییەکانی لە دەرەوەی چوارچێوەی نەریتیی ڕۆژئاوا.