شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی شەپۆلەكانی بەفرو بارانبارینەوە بەشێوەیەكی بەرچاو ڕێژەی ئاو لەهەرێم زیادیكردوە.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند،"بەنداوەكانی هەرێم زیادبونێكی گەورەی لەڕێژەی ئاو تۆمار كردوە بەهۆی دابارینی بەفرو باران بەشێوەیەكی چڕ".
ئاماژەی بەوەشکرد،" داهاتی ئاوی هەرێمی كوردستان هێندە زۆربوە بوەتە هۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی ئاوی گلدراوە كە دەتوانین ڕوبەڕوی وشكەساڵی ببینەوە و ئاوی پێویست بۆ خواردنەوە و كشتوكاڵی دابین بكەین".
ڕونیشیكردەوە،" هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان لەماوەی كەمتر لەمانگێك 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێچوەو ڕێژەی ئاو لەبەنداوی دەربەندیخان پێنج مەتر بەرزبوەتەوەو لەبەنداوی دوكانیش نزیكەی چوار مەتر ئاو بەرزبوەتەوە".
وتیشی، ئاوی بەنداوی سەرەكی دهۆك 41 سم زیادی كردوە واتا نزیكەی ملیۆنێك مەتر سێجا، هەروەها بەنداوە بچوك و مامناوەندەكانی ناوچەكانی گەرمیان و سلێمانی و هەولێرو دهۆك زۆربەیان سەرڕێژبون، لەگەڵ زیادبونی رێژەی ئاو لەچەند ڕۆژی داهاتودا هاوكات لەگەڵ تەوانەوەی بەفرەكان.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ كەشناسی شەپۆلێكی دیكەی بەفرو بارانی دیكەی ڕاگەیاندو دەڵێت،" ڕێژەیەیك بەرچاو بەفر لەشاخە بەرزەكان دەبارێت".
