لەئێران خۆپیشاندانی پێچەوانە دەستیپێكرد

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2587 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەدوای گۆڕانی خۆپیشاندانەكانی ئێران لەژێر دروشمی "نەهێشتنی برسێتی" بۆ "مەرگ بۆ دیكتاتۆر" گرژییەكان زیاتر بون و وەك كاردانەوەیەك، لایەنگرانی حكومەتی وڵاتەكەش خۆپیشاندانیان دەستپێكرد.


بەگوێرەی میدیاكان، لەئێستادا خۆپیشاندانەكان ئاڕاستەیان گۆڕاوەو بەپێچەوانەوە لەلایەن لایەنگرانی حكومەت و دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئەنجامدەدرێت.

هەر بەگوێرەی میدیاكان،  ئامانج لەم خۆپیشاندانانە نانەوەی پشێوییە بەناوی خۆپیشاندەران و سەركوتكردنیانە.

لەكاتێكدا هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویكردەوە، هێزە ئەمنییەكانی ئێران زیاتر لە200 سەركردەو ڕێكخەری خۆپیشاندەرەكانیان دەستگیركردوە.

هاوکات، ئاژانسی ھەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران (ھرانا) بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لەخۆپیشاندانەکانی ئێراندا کە بەھۆی دەربڕینی ناڕەزایەتییان دژ بەدۆخی ئابوری وڵاتەکە ڕژاونەتەوە سەر شەقامەکان کوژراون، بەرزبوەتەوە بۆ 538 کەس.

ئەمە دوای ئەوەدێت، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ باڵوێزی هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی بریتانیا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا و فڕه‌نسای بانگهێشت كرد و داوایكرد، له‌پشتیوانیه‌كانیان بۆ توندوتیژییه‌كانی ئێران پاشه‌كشه‌ بكه‌ن.