ڕۆژنامەیەکی فەرەنسیی وردەکاریی ژیانی نوێی بەشار ئەسەد لەمۆسکۆ ئاشکرادەکات

جیهان

09/06/2025‌ 11185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی لەدیمەشق لەسەر دەستی میلیشیاکانی دەستەی تەحریری شام بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع (پێشتر بەئەبو محەمەد جولانی ناسراوە)، بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشوی سوریا لە 8ی کانونی یەکەمدا بەرەو مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا هەڵات، لەئێستادا لەگەڵ خێزانەکەی لەژیانێکی تەواو جیاواز لەژیانی پێشوی دەژی.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "فرانس ئینفو"ی فەرەنسی، ئەسەد لەشوقەیەکی ڕاقییدا دەژی لەکۆمەڵگەی " شاری پایتەختەکان"، ئەم کۆمەڵگە نیشتەجێبونە بەدانیشتوانی دەوڵەمەند ناسراوە، لەوانە کەسایەتییە ناودارەکان‌و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکان‌و ئۆلیگارکەکان، ئەوەش به‌گوێره‌ى سەرچاوەیەکی ڕوسی کە قسەی بۆ کەناڵە فەرەنسییەکە کردوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، "کرێی خانوو لەو شوێنە زۆر بەرزە"، لەکاتێکدا شوقەیەکی سێ ژوری نوستن بەقەبارەی 119 مەتر چوارگۆشە لەئێستادا بەنزیکەی یەک ملیۆن‌و 900 هەزار دۆلاره‌ بۆ فرۆشتن.

سەرەڕای ئه‌وه‌ى ژیانی ئەسەد لەمۆسکۆ زۆر بەنهێنیی ماوەتەوە، بەڵام سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی ڕوسیا بەفرانس ئینفۆیان ڕاگەیاندوە، بەڕاستی بنەماڵەی ئەسەد لەو شەوەوە کە لەسوریا هەڵاتوە لەم کۆمەڵگەیەدا نیشتەجێبون، هەروەک ئەو خێزانە خاوەنی چەندین شوقەن لەو شوێنە.

بەڵام گێڕانەوەی دیکە باس لەوەدەکەن، ڕەنگە ئەو ناوچەی ڕوبلێڤکای راقیی هەڵبژاردبێت کە بە"گردی بێڤەرلی ڕوسی" ناسراوە کە نوخبەی سیاسی‌و دارایی مۆسکۆ تێیدا نیشتەجێن.

کەناڵەکە بڵاویکردوه‌تەوە، بنەماڵەی ئەسەد ساڵانێک لەمەوبەر دەستیانکردوە بەگواستنەوەی سامانەکانیان بۆ ڕوسیا، ئاماژەیان بە"پردێکی ئاسمانی" نهێنی لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2019 کردوە، لەڕێگەیەوە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری کاش گواستراوەتەوە بۆ خاکی ڕوسیا.

لەساڵی 2022 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سامانی بنەماڵەی ئەسەدی بەنزیکەی دوو ملیار دۆلار خەمڵاندوە کە لەڕێگەی نایاسایی وەک قاچاخچێتی چەک‌و مادە هۆشبەرەکان‌و زەوتکردنی پارە کۆکراونەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ پێگەی "پەنابەری مرۆیی"ی پێبەخشیوە، بەڵام بونی ئەسەد لەڕوسیا وەک سەرچاوەی گرژیی دیپلۆماسی دەمێنێتەوە، بەتایبەتیی لەگەڵ بەردەوامیی داواکارییەکانی حکومەتی نوێی سوریا بۆ ڕادەستکردنەوەی.

ماڵپەڕی فرانس ئینفۆ بڵاویکردوه‌تەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا داوایەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا کردوە بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەسەد، ئەمەش ڕێگەی خۆشکردوە بۆ دادگاییکردنی ئەسەد لەبەردەم دادگاکانی سوریا.