بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکى
لە ماوەى یەک دوو ساڵى ڕابردوودا، قسەیەکى زۆر دەکرا لەسەر ئەوەى کە چۆن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى تورکیا بەو وردییە دەتوانن چاودێرى جموجوڵەکانى گەریلا و فەرماندەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان بکەن لە ناوچەکە و لە کاتى گونجاودا بیانکەنە ئامانج، تاکە لێکدانەوەش بەو ئەو کارە ئەوەبوو کە لەناو ڕیزەکانى پەکەکە کەسانى ناپاک هەن و ئەوان زانیارى لەسەر خۆیان دەدەن بە هێزەکانى تورکیا، بەڵام لە ژێڕۆشنایی بەئامانجگرتنەکانى ئەم دواییەى فەرماندەکانى سوپاى پاسداران لە لایەن سوپاى ئیسرائیلەوە لە ڕێگەى مۆبایلەکانیانەوە، ڕووندەبێتە کە چۆن تورکیاش دەستى بە تەکنەلۆجیاى نوێ گەیشتووە و لە هێرشەکانیدا بەکاریهێناوە.
شوێنپێهەڵگرتنی دیجیتاڵی وەک بەدیلێک بۆ هەواڵگرى مەیدانی
تورکیا بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زیاتر پشتی بە سۆفتوێرى دیجیتاڵی بەستووە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بە زەحمەت دەستی پێى دەگات وەک چیای قەندیل لە باکوری عێراق و باکوری سوریا، ئەم سۆفتوێرە دەتوانێت:
1. شوێنی جوگرافیای وردی ئەندامانی دیاری حیزب بە هاککردنی مۆبایلەکانیان دیاریبکات.
2. گفتوگۆ دەنگییەکانیان تۆماربکات و چاودێری پەیوەندییەکانیان بکات لە ڕێگەی بەرنامە کۆدکراوەکانەوە (وەک سیگناڵ، تێلێگرام، و واتسئەپ).
3. دروستکردنی نەخشەی تۆڕی پەیوەندییەکانی سەرکردایەتی لە ڕێگەی بەدواداچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامان.
ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆری ورد
ئەو زانیارییە هەواڵگرییەى کە ئەم سۆفتوێرە دابینی کردووە بەشداری کردووە لە جێبەجێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بە ڕێنمایی ورد بۆ سەر پەکەکە لە باکوری عێراق و سوریا و تیرۆرکردنى سەرکردە دیارەکان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆرى (بایراکتاری TB2) دوای بەدواداچوونی جوڵەکانیان. بۆ نموونە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تیرۆرکردنی مازن کۆبانی (فەرهاد دیرک)، فەرماندەیەکی دیاری سەربازی لە مەنبەج لە ساڵی ٢٠٢١، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی چاودێری ئەلیکترۆنی لەسەر مۆبایلەکەی بووە.
چالاکییە هەواڵگرییەکانی تورکیا چیتر لە سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا قەتیس نەماون، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ:
1. هەرێمى کوردستان: ئەندامانی پارتی لە سلێمانی و قەندیل کراونەتە ئامانج.
2. ئەوروپا: لە ئەڵمانیا و فەرەنسا مۆبایلی چالاکوانانی سەر بە پەکەکە هاک کراون.
3. باکووری سوریا: بە تایبەتی لە کۆبانی و منبج و حەسەکە کە فەرماندەکانى هێزەکانی سوریای دیموکرات کراونەتە ئامانج.
پشتبەستن بە کۆمپانیا سیخوڕییە بیانیەکان
سەرەڕای توانا ناوخۆییەکانی، پێدەچێت تورکیا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سوودی لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیا سیخوڕییە بیانییەکان وەرگرتبێت، یان لە ڕێگەی ناوەندە تایبەتەکانەوە یان بە کڕینی مۆڵەتی ماوەیەکی دیاریکراو بۆ سۆفتوێرەکانى وەک پێگاسۆس یان پرێدەیتۆر، بەتایبەتی لە ماوەی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانى دژی ئەو پەکەکە.
لە ڕێگەى شێوزاى کۆکردنەوەى زانیارى هەواڵگرى مۆدێرنەوە، گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە ئامرازەکانی شەڕی هەواڵگری دەوڵەتی تورکیا دژی پەکەکە ڕووى داوە، بەو پێیەی مۆبایلە زیرەکەکانی ئەندامانی پارتەکە بوونەتە دەروازەیەک بۆ دزەکردنە ناو ڕیزەکانی و ناسینەوەی سەرکردە مەیدانییەکانیان. سۆفتوێرەکانى وەک پێگاسۆس و پرێدەتۆر توانیویەتی هاوکارى دەزگاى هەواڵگرى تورکیا بکات بۆ چاودێری کردن و دەرهێنانی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکان، پەیامە کۆدکراوەکان و دیاریکردنی شوێنی وردی ئامانجەکان.
دەرەنجام
ئەم یەکخستنی کۆکردنەوەى زانیارى هەواڵگرى و تەکنەلۆژیا سەربازییەکانی تورکیا (بەتایبەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی قووڵ لە شێوازی شەڕکردندا. شەڕى پەکەکە لە لایەن تورکیاوە چیتر تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ یان لەشکرکێشی زەمینیدا سنووردار نییە، بەڵکو لە ئێستادا بەهۆى چاودێریی دیجیتاڵی بێدەنگەوە، شوێنپێى هەر جوڵەیەکی سەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە و ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەی ورد بە کەمترین تێچوون چالاک دەکات. ئەم ستراتیژە ڕەنگدانەوەی چەمکێکی نوێی باڵادەستی هەواڵگرییە کە لەسەر باڵادەستی تەکنەلۆژی و دزەکردنی دیجیتاڵی بنیات نراوە، نەک لەسەر قەبارەی هێزی مرۆیی یان بوونی مەیدانی.
