قوباد تاڵەبانی پەیامێک ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پەیامێکی پیرۆبایی بەبۆنەی یادی لەدایکبونی  ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت،" ئەگەر هاوڕێیەتییەکەمان راستەقینە و لەسەر بنەمای متمانەیەکی تەواو نەبایە، بە ئاسانی دەکرا ئەم هاوڕێیەتییەمان بپچڕێت ".


قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا بح نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد،" پۆست و نازناوەکان دێن و دەڕۆن - سەرۆکی هەرێم، سەرۆکوەزیران... - و تۆ بەرزترینەکانیانت بە سەربەرزییەوە هەڵگرتووە. بەڵام ئەمڕۆ من ئەمە بۆ سەرۆک نانووسم؛ بەڵکو بۆ هاوڕێیەکی زیاتر لە بیست ساڵەم دەنووسم ".

ئەوەشیخستەڕوو،" ئەم هاوڕێیەتییە پێش ئەوەی بەدەستی بهێنم بۆم ماوەتەوە، بەردەوامیی و درێژکراوەی ئەو هاوڕێیەتی و پەیوەندییە قووڵەیە کە لەگەڵ سەرۆک مام جەلالدا هەتبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵەکان هاوڕێیەتییەکە بە تەواوی بووە هی خۆمان ".

قوباد تاڵەبانی لەپەیامەکەیدا باسی لەوەشکردوە،" لەناو ئەو هەموو قەیران و ساتە ئەستەم و رۆژە ناخۆشانەی کە پێکەوە پێیدا تێپەڕبووین، ئەگەر هاوڕێیەتییەکەمان راستەقینە و لەسەر بنەمای متمانەیەکی تەواو نەبایە، بە ئاسانی دەکرا ئەم هاوڕێیەتییەمان بپچڕێت. بەڵام پێکەوە بەسەر سەختی و ناخۆشییەکان، هەوراز و نشێوییەکاندا زاڵ بووین و هاوڕێیەتیمان پتەوتر و شکۆدارتر بوو. ئەمڕۆ زیاتر لە هەر شتێکی تر سوپاسگوزاری ئەم هاوڕێیەتییە شکۆدارەم ".

وتیشی،" یادی لەدایکبوون تەنها وێستگەیەکە لە ژیاندا  و ژیانی جەنابیشت پڕە لە وێستگەی زۆر گرنگ و کاریگەر بۆ کوردستان، بۆ حیزبەکەت، بۆ خێزانەکەت و بۆ هەموو ئێمەش کە بەشێک لەم ڕێگەیەمان لەگەڵتدا بڕیوە. ئەمانە ئەو دەستکەوتانەن کە دەبێت شانازییان پێوە بکەیت و ئێمەش بە رێز و شکۆوە لێی دەڕوانین ".

لەپەیامەکەی قوباد تاڵەبانیدا ئەوەش هاتوە،" هیوای تەندروستی، بەختەوەری و تەمەندرێژیت بۆ دەخوازم. دڵنیام کە چەندین وێستگەی دیکەی گرنگ لە ژیانتدا تۆمار دەکەیت و ئێمەش شانازی دەکەین کە وەک هەمیشە برا و هاوڕێ و هاوکار و پشتیوانت بین ".