شارپرێس:
چوار سەرچاوە ئاشكرایان كردووە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕۆژی یەكشەممە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ڕەشاد عەلیمی سەرۆكی یەمەن قسەی كردووە و باسیان لە پێشڕەوی حوسییەكان كردووە لە نزیك گەرووی بابولمەندەب.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، عەلیمی داوای پشتیوانی ئەمریكای بۆ هێزەكانی حكومەتی یەمەن كرد لە شەڕی دژی حوسییەكانی سەر بە ئێران، كە سەرەتای ئەم مانگە لە هێرشێكدا دەستیان بەسەر ناوچە ستراتیژییەكانی نزیك گەرووی بابولمەندەبدا گرت.
دوو سەرچاوە، یەكێكیان یەمەنی و یەكێكیان ڕۆژئاوایی، ڕایانگەیاندووە كە ترەمپ لە كاتی پەیوەندییەكەدا هیچ پابەندبوونێكی ڕاستەوخۆی بە پشتیوانی سەربازی نیشان نەداوە.
تا ئێستا هیچ لێدوانێك لەلایەن كۆشكی سپی و وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەنەوە بڵاونەكراوەتەوە لەوبارەیەوە.