وریا حەمەتاهیر
جگە لە بەدەوییەکان، گرووپێکی تری چەکداریی لە باشووری غەززە
کانتۆنێکیان درووست کردووە. دەڵێن ئیسرائیل
کۆمەکیان دەکات .
حوسام ئەلئەستال کۆنە ئەفسەری دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستین/فەتح لە غەززە، گرووپێکی چەکداری لە خۆی
کۆکردووەتەوە لە گوندەکەی خۆیان، دەڵێت هەماهەنگی لەگەڵ گرووپی شەبابی بەدەویش هەیە
کە ئەوانیش دژە حەماسن. لەو دۆخە وێرانەیەی
غەززەدا، گرووپەکەی حوسام ئازووخە و کارەباشیان هەیە. سەدان کەس ڕوویان تێ کردوون بۆ وەرگرتنی خۆراک
و ژیانێکی سەلامەتی دوور لە زوڵمی حەماس، وەک خۆی وا دەڵێت.
پەیامنێری ڕۆژنامەی
تایمس ئەڤ ئیسرائیل، سەردانی بنکەکەی حوسامی کردووە، لەوێ کیسەی ئارد و کێسی شەربەتیان
پیشانداوە کە بەرهەمهێنراوی ئیسرائیلە. هاوکات ناوبراو لۆگۆی کۆمپانیایەی ئیسرائیلی
لەسەر کەلوپەلە سەربازییەکانی گرووپەکە دیوە کە بەرهەمەکانی دەفرۆشێت بە سوپای ئیسرائیل.
حوسام دەڵێت ئیسرائیل جگە لە ئازووخە، چەک و تەقەمەنیشیان
پێداوە. هەروەها دەڵێت هەندێک وڵاتی عەرەبی و تاکی ئەمریکی و ئەورووپیش کۆمەکیان
کردوون.
بنکەکەی حوسام لە گوندی کیزان ئەلنەجار لە باشووری خان یونسە،
کە دوای مانگێک لە شەڕ چۆڵکرا. ناوبراو خۆی و میلیشیاکەی "هێزی گورزوەشێنی
دژە تیرۆر" وەک بەدیلی حەماس نیشانداوە. لەوێ بانگێشتی ئاوارەکانی غەززە دەکات بۆ ئەوەی بچنە ژێر سایەی تا خۆراک و
ئاو و پەناگە یان پێ بدات و وەک خۆشی دەڵێت لە زوڵمی حەماسیش ڕزگاریان بکات.
ناوبراو دەڵێت دەیان خێزان چوونەتە لای ئەو، پلانیشی هەیە
چادری زیاتر هەڵبدات بۆ ئەو سەدان خێزانەی کە پەیوەندییان پێوەکردووە بەنیازن ڕوویان
تێ بکەن. کە خۆراک و پێداویستی تریان پێ دەدەن، کە بەقسەی خۆی لە ئیسرائیلی وەرگرتووە.
ئەوە لەکاتێکدایە دوو ملیۆن خەڵکی غەززە لە ئاوارەیی و دەربەدەرییەکی بەردەوامدا دەژین
لەم دوو ساڵەی دواییدا.
ناوبراو دەڵێت لەم ڕۆژانەی دادێت، نزیکەی ٣٠٠ تا ٤٠٠ کەس
وەردەگرن، هەروەها بۆ ئەوەشی کەسانی نزیک حەماس دزە نەکەنە ناو کەمپەکەیانەوە، بە
ووردی پشکنینی ئەمنی دەکەن بۆ ئەو کەسانەی ڕوویان لێ دەکەن.
کانتۆنەکەی ئەلئەستال، لە ڕووکەشدا وەک شتێکی بچووکە دێتە
بەرچاو، بەڵام لەڕاستیدا وەک دیارەیەکی نوێ خەریکە شێوە و ڕێڕەوی خۆی وەردەگرێت، لەو
ناوچانەی ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە و نایەوێت چیتر حەماسی بۆ بگەڕێتەوە و ڕیگەش
نادەن دەسەڵاتی فەلەستین یان فەتح بەڕێوەی ببەن. بۆیە ئەم میلیشیایانەی کە لەسەر
بنەمای خێڵ و عەيشیرەت درووست بوون، خەریکە ئەو بۆشاییە ئیداری و ئەمنییە پڕ دەکەنەوە.
کە ئیسرائیل زیاتر وەک دۆست لێیان دەڕوانێت.
ئەلئەستاڵ دەڵێت "پەیاممان بۆ خەڵکی ئیسرائیل ئەوەیە
کە خەڵکانێک لە غەززە هەن دەیانەوێت بە ئاشتی بژین، ئێمە هیوامان بەئاشتییەکی درێژخایەن
هەیە کە داهاتوویەکی باشتر هەم بۆ مناڵانی غەززە و هەمیش بۆ مناڵانی ئیسرائیل دەستەبەر
بکات".
ئەم میلیشیایە، هاوشێوەی گرووپەکەی یاسر ئەبو شەبابە، کە
فەرماندەیەکی بەدەوییەکان، کە چەند مانگێکە لە ڕەفەح و باشووری خان یونس تا نزیکی
سنووری میسر چالاکە . لەوناوە ئەوان کۆمەڵگایەک بەڕێوە دەبەن، خزمەتگوزاری زۆر سەرەتایی
قوتابخانە و بنکەی تەندرووستی و هەروەها مەتبەخی نان و خۆراک دابەشکردن بەڕێوە دەبەن.
ئەوانیش دەڵێن کە لە ئیسرائیلەوە کۆمەکیان پێ دەگات.
وەک فەرماندەیەکی گرووپەکەی شەباب وتوویەتی، ئەم دوو
گرووپە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە و بەشێکن لە یەک هێزێکی میللی. کە دەمانەوێت پشتێنەیەکی
ئەمنی لە خان یونسەوە تا ڕەفەح درووست بکەین بە چاوێری ئیسرائیل.
ئەم ئیدیعایەی کە ئەم گرووپانە دەیکەن گوایا ئیسرائیل
هاوکارییان دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل کاردەکەن، لە لایەن ئیسرائیلەوە
پشتڕاست نەکراوەتەوە.
سوپای ئیسرائیل ڕەتی کردووەتەوە لێدوان لەو بارەوە بدات،
بەڵام پێشتر لە مانگی شەشدا ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران دانی بەوەدا نا کە ئیسرائیل
پشتیوانی لەوهۆزانە دەکات کە دژی حەماس دەوەستنەوە. بەڵام لە دوای ئەوەوە ناوبراو
لەسەر ئەم پرسە بێدەنگ ماوەتەوە.
ئەئەستال، کەسێکی نەناسراو نییە لە ملمانێکانی غەززەدا،
ناوبراو کە ئێستا لە پەنجاکانی تەمەنیدایە، پێشتر ئەفسەری هێزە ئەمنییەکانی فەلەستین
بووە و دوای کۆنترۆڵکردنی غەززە لەلایەن حەماسەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ دا. ناوبراو چەندجارێک
لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراوە.
حەماس لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تۆمەتی جاشایەتی
داوەتە پاڵ ناوبراو، فەرمانی گرتن و کووشتنی ڕاگەیاندووە.
ئەلئەستال دەڵێت، "هەرجارێک حەماس کە دەستیریانکردووم،
تۆمەتێکی جیاوازیان داوەتە پاڵم، وەک گەندەڵی، یان پەیوەندیم بە بزووتنەوە فەتحەوە،
من هەر لەسەرەتاوە نەیاری حەماس بووم".
بە وتەی ناوبراو حەماس زۆر لاواز بووە و زۆرینەی خەڵکیش
لەگەڵ ئەوان نین. دەڵێت حەماس تەواو بووە و جارێکی تر ناگەڕێتەوە.