شارپرێس:
زانایانی زانکۆی کۆلۆرادۆ بۆڵدەر لە ئەمریکا، بەپێی گۆڤاری ACS ES&T Air، ڕێگەیەکی نوێیان دۆزیوەتەوە کە یارمەتی پاککردنەوەی خێرای هەوای ماڵان دەدات لەو ماددانەی دەبنە هۆی هەستیاری (حەساسیەت).
زانایانی زانکۆکە ئاماژەیان بەوەکردووە کە هۆکارەکانی هەستیاری ناوماڵ، وەک تەپ و تۆز، مووی ئاژەڵە ماڵییەکان، و دەنکەهەڵاڵە، هەندێک جار بۆ ماوەی چەند مانگێک لە هەوای ماڵدا دەمێننەوە و دەبنە هۆی نیشانەی بێزارکەری هەستیاری.
لە توێژینەوەکانیاندا سەبارەت بە ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەیان، بۆیان دەرکەوت کە جۆرێکی تایبەتی تیشکی سەروو وەنەوشەیی (UV) دەتوانێت پێکهاتەی ئەم هۆکارانەی هەستیاری بگۆڕێت بە جۆرێک کە سیستەمی بەرگری ناتوانێت بیانناسێتەوە، بەمەش نیشانەکانی هەستیاریی کەمدەبێتەوە.
لە تاقیکردنەوەکاندا، زانایان گەردیلەکانی هۆکاری هەستیارییان لە ژوورێکی داخراودا پڕژاند، پاشان گڵۆپی تایبەتیان خستە کار کە تیشک بە درێژی شەپۆلی 222 نانۆمەتر دەردەکرد، کە شەپۆلی تیشکەکە سەلامەتترە لەو تیشکانەی ئێستا لە ئامێرەکانی پاککەرەوەی هەوادا بەکاردەهێنرێن. تەنها دوای 30 خولەک، توانای دژەجەستەکان بۆ ناسینەوەی هۆکارەکانی هەستیاری بە ڕێژەی 20 بۆ 25% کەمیکرد.
زانایان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم ڕێگەیە کارایی و خێرایی زیاتری سەلماندووە لە نەمانی هۆکارەکانی هەستیاری لە ماڵدا بە بەراورد لەگەڵ شێوازەکانی پاککردنەوەی نەریتی یان شوشتنی ئاژەڵە ماڵییەکان.
لەداهاتوودا، دەتوانرێت ئامێری سەروو وەنەوشەیی گواستراوە بەکاربهێنرێت بۆ ئاسانکردنی ژیانی تووشبووانی هەستیاری، چ لە ماڵەوە بێت، یان لە نووسینگە، یان تەنانەت کاتێک سەردانی هاوڕێیان دەکەن کە ئاژەڵی ماڵییان هەیە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
