ئیسرائیل له‌باره‌ى سه‌ركرده‌كانى حه‌ماسه‌وه‌ هه‌ڵوێستى نوێى هه‌یه‌

جیهان

27/09/2025‌ 6577 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی پەخشی ئیسرائیل هه‌ڵوێستێكى نوێى وڵاته‌كه‌ى سه‌باره‌ت به‌سه‌ركرده‌و به‌رپرسه‌ باڵاكانى حه‌ماس ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت، "ته‌لئه‌بیب ئامادەیە پارێزبەندیی بەسەرکردەکانی حەماس بدات".


دەستەكه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "حکومەتی ئیسرائیل خۆی ئامادەدەکات بۆ بەخشینی پارێزبەندیی بەبەرپرسانی حەماس وەک بەشێک لەبنەماکانی کۆتاییهێنان بەجەنگ کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تره‌مپ پەرەی پێدەدات".

وه‌كو دەستەکە باسیكردوه‌، "ئەم بابەتە لەلایەن سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە بۆ ڕۆژنامەی "هائارتس" ئاشکراکراوە، کە تێیدا باس لەوەشکراوە، پرسی پارێزبەندیی خرانەڕوو، چونکە پێویستە بۆ سەرکردایەتی حەماس".

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەتەواوی ڕون نییە کە ئایا حەماس ئامادەیە بەردەوامبێت لەسەر ئەو پلانەی کە تره‌مپ پەرەی پێداوە، چونكه‌ لەئێستادا تەنها لەگەڵ ئیسرائیل‌و سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی تاووتوێدەکرێت، هاوكات سەرچاوەکانی نزیک لەدانوستانەکان ئاماژە بەوەدەکەن، حەماس پەیامی جیاواز لەسەر ئەم بابەتە وەردەگرێت.

پلانە نوێیەکەی ئیدارەی تره‌مپ کۆنترۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستین بەسەر کەرتی غەززەدا لەخۆدەگرێت، سەرچاوەکانی نزیک لەبنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەیان بەوەکردوە، دەسەڵاتی فەڵەستین هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لەبەڕێوەبردنی غەززە لەناوچە دیاریکراوەکان وەک سەرەتا.

لەو چوارچێوەیەدا، دوێنی هەینی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەوتارەکەیدا بۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند، "بەمزوانە ئەرکی نەهێشتنی پاشماوەی حەماس لەغەززە تەواودەکەین".

جەختیشی لەوەکردەوە، غەززە لەچەک دادەماڵین‌و دەسەڵاتێکی مەدەنی پابەند بەئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دادەمەزرێت.

ناتانیاهۆ هەروەک وتی، "ئەگەر حەماس بەداواکارییەکانمان ڕازیبێت، ئەوا شەڕەکە دەتوانێت لەئێستاوە بوەستێت".

بەپەلە