شارپرێس:
لەهەنگاوێکدا دادگای سوریا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشوی سوریا دەرکرد، ئەسەد بەکوشتنی خەڵکو ئەشکەنجەدانو دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ تۆمەتبارکراوە، ئەم فەرمانە نیشانەیەکی ڕونە کە سوریا جدیه لەدادگاییکردنی ئەسەدو ڕەنگە ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش داوا لەوڵاتان بکرێت لەهەر شوێنێک بێ دەستگیری بکەن.
ڕۆژی 25ی ئەم مانگە، وەزارەتی دادی سوریا بەشێوەی ئامادەنەبوو (غیابی) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەشار ئەسەد سەرۆکی هەڵاتوی وڵاتەکەی دەرکرد، فەرمانەکەش بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، ئەشکەنجەو دروستکردنی شەڕی ناوخۆ بوە.
لەساڵانی شەڕی ناوخۆی سوریا کە لەساڵی 2011 دەستیپێکردو تا کۆتاییەکانی 2024 بەردەوامبوو، دەسەڵاتەکەی ئەسەد بەتاوانی جەنگ، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ئەشکەنجەدان تا کوشتنی دەستگیرکراوەکانو کۆمەڵکوژی تۆمەتبارکرا، بۆیەش دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتەکەی لەدادگاکانی ئەوروپا دۆسیەی دەستگیرکردنو لێپرسینەوە لەسەر خۆییو ئەندامانی باڵای حکومەتەکەی کراوەتەوە.
لەماوەی دەسەڵاتی ئەسەددا، خەڵکی سوریا بەکوشتنو ئەشکەنجەدانێکی زۆردا تێپەڕین، ئەسەد تەنانەت چەکی کیمیاییشی بەکارهێناوه، بهگوێرهى ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی سوری، بەرپرسیارە لەکوشتنی زیاتر لە 200 هەزار کەسی سڤیلو بێسەروشوێنکردنی 96 هەزار کەسی دیکە.
بەسام تەبلیە شارەزای یاسای نێودەوڵەتی کە قسەی بۆ میدیای سوریا کردوە باس لهوهدهكات، چونکە بەشار ئەسەد چیتر سەرۆک نییە، هیچ پارێزبەندییەکی نییە.
دهشڵێت، "تاوانەکانیشی کەوتونەتە چوارچێوەی خیانەتی گەورەو تاوانی جەنگو تاوان دژ بەمرۆڤایەتی، ئەم فەرمانە سەرەتایەک دەبێت بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئینتەرپولەوە داوای دەستگیرکردنی بکرێتو ڕێگریی لێبکرێت کە بەئازادی گەشت بکات".
بەبڕوای تەبلیە، ئەگەر بڕیارەکە تەنها یاسایی بێتو سیاسی نەبێت، دەتوانرێت لەڕێگەی ئینتەرپولەوە بڵاوبکرێتەوەو لەهەر شوێنێک بێت دەستگیربکرێت، بەڵگەی زۆر هەن کە لەساڵی 2012وە کۆکراونەتەوەو بەوردی دۆکیۆمێنتکراون، ئەسەد وەک سەرۆک دەبێ ئاگاداری ئەو تاوانانە بوبێت کە ڕویانداوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەناوە.
عەبدولعەزیز دەروێش ئەندامی دەستی گشتیی لقی سەندیکای پارێزەران لەحەلەب ڕایگەیاند، دەکرێت دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ دادگای تاوانی گشتی لەسوریا، ئەمەش بهگوێرهى یاسای سوریا، کە ڕێگە بەدانیشتنی گشتیی دەدات جگە لەهەلومەرجی نائاسایی.
بەسام تەبلیە ڕونیکردەوە، دۆخی بەشار ئەسەد جیاوازە لەسەدام حوسێن، چونکە ئەمڕۆ ڕوسیا پارێزگاری لێدەکاتو ڕادەستی ناکات، مەگەر بهگوێرهى سازشێکی سیاسی نەبێتو جەختی لەوەشکردەوە، هەر دادگاییکردنێکی داهاتوو دەبێت ئاشکرابێت بۆ پیشاندانی دادپەروەری لەبەردەم جیهاندا.
