ئیسرائیل سه‌رجه‌م كامێرا چاودێرییه‌كانى ئێران كۆنترۆڵده‌كات‌و په‌رله‌مانتارێكیش زانیاریى ئاشكراده‌كات

جیهان

01/10/2025‌ 5209 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێكی پەرلەمانی ئێران مەترسییەكی گەورە ئاشكرادەكات‌و ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل دەستی بەسەر سەرجەم تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و تەنانەت كامێرا چاودێرییەكانی سەر شەقامەكانیش لەناوخۆی ئێراندا گرتوەو لەڕێگەیەوە چركە بەچركە چاودێریی هاتوچۆى بەرپرسان دەكات.


مەحمود نبویان جێگری لیژنەی ئاسایشیی نیشتمانی‌و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران قسەی بۆ میدیایەكی وڵاتەكەی كردوەو وتویەتی، "هەرشتێك بەئینتەرنێت بەسترابێتەوە لەلایەن تەلئەبیبه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوەو دەستی بەسەرداگیراوە".

هەروەها وتویەتی، "هیچ جیاوازییەک لەنێوان تۆڕە كۆمەڵایەتی‌و ئەپە ناوخۆیی‌و جیهانییەكاندا نییە، بۆ نمونە واتسئاپ بێت یاخود تۆڕی كۆمەڵایەتی تایبەتی ئێرانی (ئیتا)، ئیسرائیل زۆر بەئاسانی دەستی بەهەمویان دەگات".

ئه‌وه‌شى باسكردوه‌، "بەكورتییەكەی ئیسرائیل هەموو زانیارییەكانی بەرپرسانی ئێران دەزانێت‌و لەژێر دەستیدایە".

ئەندامەكەی پەرلەمانی ئێران جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "بابەتەكە تەنها پەیوەندیی بەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتی‌و پەیوەندیكردنەوە نییە، بەڵكو كامێرای چاودێریی سەر شەقامەكانیش لەژێر دەستی ئیسرائیلدایەو ئۆتۆمبێلی بەرپرسان چاودێری دەكرێت، بۆ نمونە دەزانن مەسعود پزیشكیان‌و محەمەد باقر قالیباف بەرەو كوێ دەچن‌و كۆبونەوەكانیان لەكوێن".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "هەموو جوڵەیەک لەناوخۆی ئێران زۆر بەوردی چاودێریدەكرێت جا لەڕێگەی ئینتەرنێت یاخود ژیانی گشتیی بێت".

بەپەلە