شارپرێس:
باڵیۆزی تورکیا
لەبەغدا نەخشەڕێگهیەکی نوێی بۆ پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند کە
تێیدا ئامانجی بازدان بەرەو بازرگانیی 30 ملیار دۆلاریو چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی
ئاو جێگەی بایەخە، ئەنیل بۆرا ئینان بەڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی مەلەفی داعشە بیانییەکان،
زەنگی دەستپێکردنی هاوبەشییەکی دامەزراوەیی لێدەدات کە تێیدا ئاو لەسەرچاوەی
ململانێوە دەگۆڕێت بۆ پردی هاوکاریی نێوان ئەنکەرەو بەغدا.
ئەنیل بۆرا ئینان،
باڵیۆزی تورکیا لەعێراق، پەردە لەسەر ستراتیژێکی گهوره لادەبات کە ئامانجییەتی عێراق
بکاتە یەکێک لەپێنج گەورەترین هاوبەشە ئابورییەکانی تورکیا لەجیهاندا، هاوکات مژدەی
کۆتاییهاتنی مەلەفە ئاڵۆزەکانی ئاوو ئاسایش دەدات.
باڵیۆزی تورکیا
ئاشکرایکرد، ئەنکەرە دەیەوێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە لەگەڵ بەغدا بگەیەنێتە
30 ملیار دۆلار، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ئێستا پێنجەم گەورەترین هاوبەشی هەناردەکردنی
تورکیایە لەجیهاندا، لەساڵی 2025دا قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق 12.3 ملیار دۆلاری
تێپەڕاندوه، تورکیا بەهەموو توانایەکییەوە پشتگیریی لەپڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دەکات
بۆ بەستنەوەی عێراق بەتۆڕە نێودەوڵەتییەکان.
لەبارەی قەیرانی
ئاو، باڵیۆز ئینان ڕوانگەیەکی نوێی وڵاتهكهى خستەڕوو کە جیاوازە لەسیاسەتەکانی ڕابردوو،
ئهو وتى، "تورکیا پابەندە بەبەکارهێنانی عاقڵانەو دادپەروەرانەی سەرچاوە ئاوییەکان
بەو جۆرەی بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بپارێزێت".
جهختیشیكردهوه،
"کەمیی ئاو تەنها پەیوەندیی بەتورکیاوە نییە، بەڵکو دەرەنجامی گۆڕانی کەشوهەوایەو
پێویستی بەبەرپرسیارێتیی هاوبەش هەیە، تورکیا ئامادەیە لەڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە تەواوی
ژێرخانی ئاوی عێراق نوێبکاتەوە تاوەکو ڕێگریی لەبەفیڕۆچونی ئاو بگرێت".
باڵیۆزەکەى
توركیا ڕاشیگەیاند، "پڕۆسەی گواستنەوەی هاوڵاتیانی تورکیا لەچەکدارانی داعشو
خێزانەکانیان کە لەعێراق دەستبەسەرن، بەرەو کۆتایی دەچێت، داواش لەهەموو وڵاتانی جیهان
دهكهین، چاو لەتورکیا بکەنو هاوڵاتیانی خۆیان وەربگرنەوە تاوەکو بارگرانییە ئەمنییەکانی
سەر عێراق سوک بێت".
ئینان ئهوهشى
وت، "تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لەئاستی بەرژەوەندی کاتیی بگۆڕێت
بۆ هاوبەشییەکی دامەزراوەیی کە وەک قەڵغانی پاراستن بێت بۆ هەردوو وڵات بەرامبەر بەهەورازو
نشێوە سیاسییەکانی ناوچەکە".
