دواین جەنگی ئەردۆغان دژی نەیارە سیاسییەکانی.. ئایا پارتەکەی ئەتاتورک بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1285 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تورکیا یەکێک لەئاڵۆزترین قەیرانە سیاسییەکانی بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش دوای بڕیارێکی دادوەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی کۆنگرەی ساڵی 2023ی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، کە تێیدا ئۆزگور ئۆزێل ببوە سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن.


ئەم بڕیارە ڕێگەی خۆشکرد بۆ گەڕانەوەی سەرۆکی پێشوو کەمال کڵیچدارئۆغڵو بۆ سەرکردایەتیی پارتەکە، ئەمەش تۆمەتێکی بەربڵاوی لێکەوتەوە کە دەسەڵاتداران دەستوەردان لەژیانی سیاسیدا دەکەن، هەربۆیە سەرکردایەتیی پارتەکە بڕیارەکەی ڕەتکردەوەو بەکودەتای دادوەری وەسفیکرد، ئۆزێلیش ڕایگەیاند، دان بەسەرکردایەتیی نوێدا نانێت‌و بارەگای پارتەکە ڕادەستناکات.

گرژییەکان کاتێک تەقینەوە کە پۆلیس دەستتێوەردانی کرد بۆ دەرکردنی سەرکردایەتییە لادراوەکە لەبارەگای سەرەکیی پارتەکە لەئەنكەرە، ئەمەش بوە هۆی پێکدادان‌و ناڕەزایەتیی بەرفراوان، پێشئەوەی ئۆزێل بەشێوەیەکی ڕەمزی گواستنەوەی چالاکییە سیاسییەکانی پارتەکە بۆ ناو پەرلەمان ڕابگەیەنێت.

ئەم قەیرانە لەچوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراوانتردایە کە لەمدواییانەدا ئۆپۆزسیۆنی تورکیای کردوه‌تە ئامانج، کە دەستبەسەرکردن‌و دادگاییکردنی ژمارەیەک سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی سەر بەپارتی گەلی کۆماری گرتوه‌تەوە، کە دیارترینیان ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمبوڵە کە وەک ڕکابەری سەرەکیی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەهەر هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتیی داهاتودا سەیردەکرێت.

ئیمامئۆغڵو لەئێستادا لەگەڵ تۆمەتەکانی گەندەڵیی‌و سپیکردنەوەی پارەو تیرۆرو سیخوڕیی ڕوبەڕوە، کە هەمویان بەتەواوی ڕەتدەکاتەوە، هەروەها بڕوانامەی زانکۆکەشی هەڵوەشێندراوەتەوە، ئەمەش شیاوی یاسایی ئەو بۆ خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتیی دەخاتە مەترسییەوە.

لەبەرامبەردا حکومەت جەختدەکاتەوە، ئەوەی ڕودەدات بابەتێکی دادوەریی سەربەخۆیەو پەیوەندیی بەسەرپێچی ناوخۆیی‌و تۆمەتی گەندەڵییەوە هەیە، لەکاتێکدا پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن‌و هێزە سیاسییە کوردییەکان پێیانوایە، دەسەڵاتی دادوەریی بوەتە ئامرازێک بۆ گوشاری سیاسیی‌و کەمکردنەوەی مەودای پێشبڕکێی دیموکراتی.

لەڕوی سیاسیەوە، پەرەسەندنەکان گفتوگۆی لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێش وادەی فەرمی خۆی لەساڵی 2028دا نوێکردوه‌تەوە، ئەردۆغان ڕوبەڕوی کۆتوبەندی دەستوری دەبێتەوە کە ڕێگریی لێدەکات دوبارە خۆی کاندیدبکاتەوە، مەگەر دەستور هەمواربکرێتەوە یان به‌گوێره‌ى مەرجی دیاریکراو داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.

بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار ژمارەیەکی پێویست پەرلەمانتاری نییە بۆ ئەوەی بەتەنها ئەم ڕێڕەوە بسەپێنێت، حساباتی هاوپەیمانیەتییە پەرلەمانییەکان وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەردەکەون.

چاودێران پێیانوایە، ڕەنگە دەسەڵات سود لەدابەشبونی ئۆپۆزسیۆن وەربگرێت بۆ ڕێکخستنەوەی دیمەنی سیاسیی، بەڵام بەردەوامی قەیرانی ئابوریی‌و دابەزینی متمانەی جەماوەری، ڕەنگە هەر هەڵبژاردنێکی داهاتوو بکاتە یەکێک لەسەختترین‌و کێبڕکێکارترین وێستگەکان لەمێژوی هاوچەرخی تورکیادا.