په‌یه‌ده‌و زۆربەی پارتەکان هەڵبژاردنیان بایکۆتکردو ئه‌نه‌كه‌سه‌ بەتەنها چوە شام

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 325 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:

دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاریی سیاسیی لەناوچەکە، پرسی هەڵبژاردنە گشتییەکان‌و چارەنوسی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردی، جارێکی دیكه‌ ناکۆکییە قوڵەکانی نێوان جەمسەرە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی هێنایەوە بەرباس، لەکاتێکدا زۆربەی پارتە کوردییەکان پرۆسەی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى سوریایان ڕەتکردەوە، ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردى سوریا (ENKS) جیاواز لەوانی دیكه‌، بەشداریی تێداکرد، ئەمەش کاردانەوەی توندی لێکەوتوەتەوە.


پشتگوێخستنی مافەکان‌و سیاسەتی دیمۆگرافی
پەروین یوسف هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (په‌یه‌ده‌)، لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس، هۆکارەکانی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی لەلایەن پارتەکەی‌و دەیان لایەنی دیكه‌ى کوردییەوە ڕونکرده‌وه‌و ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی نوێی شام هێشتا لەسەر هەمان عەقڵییەتی مەزهەبی‌و سیاسەتی بەعس بۆ گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە بەردەوامە.

هاوسەرۆکی په‌یه‌ده‌ وەک نمونە باسی لەدابەشکاریی کورسییەکانی پەرلەمان کردو وتی، "لەکۆی 210 کورسی پەرلەمان، تەنها چوار کورسی بۆ گەلی کورد لەهەرێمی جەزیرە دیاریکراوە، بەم ڕێژەیەوە 10 بۆ 15 کورسی ناتوانن نوێنەرایەتی دۆزی ڕەوای کورد بکەن."

زیاتر وتی، "حکومەت لەناوچە زۆرینە کوردییەکانی وەک دێرک، کاندیدی عەرەب‌و کوردی فەرزکردوە، تەنانەت لەشارێکی مێژویی کوردی وەک سەرێکانی، هاوڵاتییەکی عەرەبیان وەک پەرلەمانتار داناوە کە دوای پرۆسەی گۆڕینی دیموگرافی هاتوەتە ناوچەکە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە تەنها خەڵەتاندنی ڕای گشتییە."

تۆمەتبارکردنی ENKS بە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نهێنی
لەسەر پرسی بەشداریکردنی ئه‌نه‌كه‌سه‌ بەتەنها لەگۆڕەپانی سیاسیی شامدا، پەروین یوسف ڕەخنەی توندی ئاراستەی ئەو لایەنە کردو ڕایگەیاند، شام ئامادەنەبوە وەک یەک هێز پێشوازیی لەوه‌فدى هاوبەشی کوردی بکات‌و سیاسەتی پارچەکردنی پەیڕەوکردوە.

پەروین یوسف ئاشکرایکرد، "لەکاتێکدا یاسای پاراستنی کورد لەپەرلەمانەکانی جیاوازی جیهاندا ئامادەدەکرا، ئه‌نه‌كه‌سه‌ بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل‌و بڕیارەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزیی، چوو بۆ شام بۆ ئەوەی ئەو یاسایە بێبایەخ بکات، ئەوان لەوێ ڕێککەوتنی نهێنییان دژی کۆنفرانسی یەکڕیزیی ئەنجامداوەو کاندیدەکانی خۆیان بۆ ئەنجومەنی گەلی پارێزگای حەسەکە دیاریکردوە، ئەمەش خەڵەتاندنی گەلی کوردە."

ئایا کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردی کۆتاییهات؟
سەبارەت بەچارەنوسی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردی کە لەنیسانی 2025دا بەڕێوەچوو، هاوسەرۆکی په‌یه‌ده‌ جەختیکردەوە، چونەدەرەوەی ئه‌نه‌كه‌سه‌ بەواتای مردنی کۆنفرانسەکە نایەت.

ئه‌وه‌شى وت، "بڕیارەکانی کۆنفرانسی یەکڕیزیی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی کورد دەکەن، ئێمەو هێزە کوردییەکانی دیكه‌ش بەردەوامدەبین لەتێکۆشان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەو بەبڕیارێکی تاکلایەنه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه‌ یەکێتیی کورد تێکنەچوەو تێكیشناچێت."