به‌غدا پشتی لەهەولێر کردو ڕوده‌كاته‌ ئەنکەرە.. زه‌یدى بڕیاریدا

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2669 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەفەرمی پشتی لەپێشنیازەکەی هەرێمی کوردستان کرد بۆ دابینکردنی وزەی ناوخۆیی‌و ڕوی لەئەنکەرە کرد، بەغدا لەبری کڕینی کارەبا لەهەولێر، بڕیاریدا نەک تەنها گرێبەستی کارەبای تورکیا درێژبکاتەوە، بەڵکو هەوڵ بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ تورکیا بدات، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕون بۆ پەراوێزخستنی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی لەبواری ئاسایشی وزەدا دەبینرێت.


لەوەرچەرخانێکی سیاسیی‌و ئابوریی نوێدا، حکومەتی عێراق بڕیاریدا بۆ دابینکردنی وزەی هاوین، متمانە بەگرێبەستە دەرەکییەکان ببەخشێت‌و بژاردەی کڕینی کارەبا لەهەرێمی کوردستان پشتگوێبخات، ئەمەش سەرەڕای ئەو پێشنیازانەی لەسەردانەكه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوى مه‌سرور بارزانی بۆ بەغدا خرابونەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی دوێنێ دوشه‌ممه‌یدا بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدی، بڕیاریدا گرێبەستی کڕینی کارەبا لەتورکیا بۆ ماوەی چوار مانگی دیكه‌ درێژبکاتەوەو وەزارەتی نەوتیشی ڕاسپارد بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ ئەنکەرە.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، پێشتر مەسرور بارزانی لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا، پێشنیازیکردبوو عێراق لەبری وڵاتانی دراوسێ، کارەبا لەهەرێمی کوردستان بکڕێت، بەڵام پێده‌چێت زەیدی ئەو پێشنیازەی فەرامۆشکردبێت.

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ستراتیژیی نوێی بەغدا بۆ کارەبای هاوین بەمشێوەیە دەبێت، گرێبەستی هێڵی تورکیا بۆ چوار مانگی دیكه‌ جێگیرکراوه‌ بۆ تێپەڕاندنی گەرمای هاوین، وەزارەتی نەوت ڕاسپێردراوە بۆ گفتوگۆ لەسەر نرخ‌و بڕی کارەبا تاوەکو ڕێککەوتنێکی چەند ساڵە لەگەڵ تورکیا واژۆبکەن، هه‌روه‌ها بۆ کەمکردنەوەی توڕەیی جەماوەر، نرخی گازی موەلیدە ئەهلییەکان بۆ 200 دینار بۆ هه‌ر لیترێك کەمده‌كرێته‌وه‌.

چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، فەرامۆشکردنی پێشنیازەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن زەیدییەوە، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی بەغدا هێشتا نایەوێت کلیلەکانی وزە بداتە دەست هەولێر، ڕوکردنە تورکیاو هەوڵدان بۆ ڕێککەوتنی درێژخایەن لەگەڵ ئەنکەرە، نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی فیدراڵ هاوبەشە دەرەکییەکانی بە جێگیرتر دەبینێت لەهەرێمی کوردستان، ئەمەش گورزێکی توندە لەهەوڵەکانی مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی هەرێم بکاتە مەکۆی دابینکردنی وزە بۆ هەموو عێراق.

هه‌روه‌ك پێیانوایە، ئەم هەنگاوەی زەیدی نیشانەی ئەوەیە کە بەغدا هێشتا متمانەی تەواوی بەئاسایشی وزەی ناوخۆیی هەرێم نییە یان کێشە دارایی‌و سیاسییەکان ڕێگرن لەوەی کارەبای کوردستان ببێتە جێگرەوەی کارەبای دەرەکیی، بەڕوکردنە تورکیاش بەغدا دەیەوێت سەرچاوەی کارەباکەی لەدەرەوەی ململانێ نێوخۆییەکان بپارێزێت، ئەمەش گورزێکی توندە لەهەوڵەکانی هەرێم بۆ بون به‌سه‌رچاوه‌ى ڕوناكى لەناوچەکەدا.

وه‌كو چاودێران جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، بەغدا تورکیای هەڵبژارد؛ ئەم هەنگاوەش دەرگای گفتوگۆیەکی نوێ‌و ڕەنگە ئاڵۆزتر لەنێوان هەولێرو بەغدا دەربارەی داهاتوی ئاسایشی وزەو سەروەریی ئابوریی بکاتەوە.