بۆچی تورکیا فڕۆکەی جەنگیی بەکارهاتوی ئەوروپی دەکڕێت؟

جیهان

01/11/2025‌ 1412 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تورکیا ئامادەکاریی دەکات بۆ وەرگرتنی یەکەمین ژمارەی فڕۆکەی جەنگی فرە ئەرکی یۆرۆفایتەر تایفۆن لەسەرەتای ساڵی 2026، بەگوێرەی ئەوەی کە یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا، دوای سەردانی کیر ستارمر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ ئەنكەرە ڕایگەیاند.


ئەو هەنگاوە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەنكەرەدایە بۆ پڕکردنەوەی کەمیی لەهێزی ئاسمانی وڵاتەکەیدا، چونکە فڕۆکە ئەوروپییەکان بەدیلێکی کاتیین بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-16ی ئەمریکی کە هێشتا نەیتوانیوە بەدەستیان بهێنێت، سەرەڕای باشبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.

سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لەپیشەسازیی بەرگریی تورکیادا، توانای ئێستای وڵاتەکە ڕێگەنادات بەتەواوی پێداویستییە ئاسمانییەکانی دابین بکات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا باسی لەوەکردووە، دەستپێکردنی کارپێکردنی کاریگەری فڕۆکە جەنگییە ناوخۆییەکەی نەوەی پێنجەم KAAN تا پێنج ساڵی تر بەدینایەت، لەکاتێکدا کۆمپانیای TAI ئاماژەی بەوەدا، بەکارهێنانی تەواوی ئەم فڕۆکەیە تا ساڵی 2032 تەواو نابێت، کە پێشبینیدەکرێت هەندێک لەتەکنەلۆژیای نەوەی شەشەم لەخۆبگرێت.

بەڵام یەکخستنی فڕۆکە جەنگییەکانی یۆرۆفایتەر تایفۆن لەسیستەمی هێزی ئاسمانیی تورکیادا کارێکی ئاسان نابێت، چونکە ڕۆژنامەی "تورکیا" هۆشداریداوە لەبەرزبوونەوەی تێچووی کارپێکردن‌و پێویستیی گەشەپێدانی تۆڕی نوێ بۆ چاککردنەوەو خزمەتگوزاریی لۆجستی.

هەروەها ئاماژەی بەمەترسییە گریمانکراوەکان کردووە لەبارەی سەپاندنی سزای ئەوروپی بەسەر ئەنكەرەدا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییە بەردەوامەکانی لەگەڵ هەندێک لەوڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.

بەهۆی ئەو گرێبەستەوە، تورکیا هەوڵدەدات هاوسەنگییەک بەدیبهێنێت لەنێوان پشتبەستنی کاتیی بەتەکنەلۆژیای ڕۆژئاواو بەردەوامبوونی گەشەپێدانی توانا بەرگرییە ناوخۆییەکانی لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی نیشتمانیی خۆی بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی‌و تەکنەلۆژیای 2030.