سەختترین ئەو ئازارانە چین کە مرۆڤ پێیاندا تێپەڕ دەبێت؟

تەندروستی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 224 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاستی بەرگەگرتنی ئازار لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام هەندێک بارودۆخی تەندرووستیی هەن کە ئازارەکەیان هێندە توندە دەبێتە هۆی بێهێزکردنی بەهێزترین کەسەکانیش. لێرەدا باسی برینێکی سادەی وەک بەرکەوتنی پەنجەی پێ یان سەرئێشەیەکی کەم ناکەین، بەڵکو باسی نەخۆشیی و حاڵەتە مەترسیدارەکان دەکەین.

 
بەگوێرەی پۆلێنکردنی پسپۆڕانی تەندرووستی لە ماڵپەڕی "ستار ئینسایدەر"، ئەمانە سەختترین ئازارەکانن:
1. نیوەلاسەرئێشە (شەقیقە): هەرچەندە هۆکارێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام یەکێکە لە توندترین ئازارەکان. تەنها سەرئێشە نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی هەستیاری بە ڕووناکی، گێژخواردن، سڕبوونی جەستە و هێڵنجدان.
2. ژانی گورچیلە: زۆربەی کات وەک ئازارێکی توند و لەناکاو دەردەکەوێت کە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە، زۆربەی کات ئاماژەیە بۆ هەوکردنی گورچیلە یان هەبوونی بەرد.
3. ئازاری ماسولکەکان: ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ و بە شێوەیەکی هەڵە وەرزش بکرێت، ئازارەکە زۆر زیاد دەکات و دەبێتە هۆی هەوکردنی توندی بەستەرەکان و ماسولکەکان.
4 . دەردەپاشا : ئەم نەخۆشییە بەهۆی زیادبوونی ترشی یوریک لە جەستەدا دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی جومگەکان. هەرچەندە ڕەنگە ڕێگری لە جوڵە نەکات، بەڵام هەموو جوڵەیەک زۆر بەئازار دەکات.
5. بەرزبوونەوەی پەستانی ناو کاسەسەر: کاتێک مێشک پەستان دەخاتە سەر ئێسکی سەر بەهۆی کۆبوونەوەی شلە یان هەوکردن، ئازارێکی بڕستبڕ دروست دەبێت.
6. جەڵتەی دڵ: زۆر کەس وا وەسفی دەکەن وەک ئەوەی کەسێک بە هێزێکی زۆرەوە دڵیان لەنێوان دەستەکانیدا بگووشێت.
7. منداڵبوونی سروشتی: یەکێکە لە سەختترین ئەو ئازارانەی ئافرەت پێیدا تێپەڕ دەبێت، کە ئازاری پشت، گرژبوونی توند و دڵەڕاوکێی لەگەڵدایە.
8. سووتانی پلە 2 و 3: یەکێکە لە ناخۆشترین ئازارەکانی جیهان، چونکە ئازارەکە دەگاتە ناو قووڵایی ماسولکە و هەندێکجاریش ئێسکەکان.
9. پێوەدانی مێروولەی کەمەرەیی: ئازاری پێوەدانی ئەم مێروولەیە زۆر توندە؛ هەندێک هۆزی ئەمریکای باشوور لە ڕێوڕەسمی گەورەبوونی کوڕاندا بەکاری دەهێنن بۆ تاقیکردنەوەی ئازایەتییان.
10 . وەرگرتنی شلەی مۆخ : بەکارهێنانی دەرزییەکی گەورە بۆ وەرگرتنی نمونەیەک لە شلەی دەوروبەری دڕکەپەتک، کە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک هەوکردنی پەردەی مێشک بەکاردێت.
11. فایبرۆمایەڵجیا (Fibromyalgia): ئازارێکی گشتی ماسولکەکانە لەگەڵ ماندوێتییەکی بەردەوام. 1 لە کۆی 4 کەس کە تووشی دەبن، توانای کارکردنیان نامێنێت.
12. نەخۆشیی شینگڵز:  نەخۆشییەکی پێستی بەئازارە و کاتێک دەردەکەوێت کە سیستەمی بەرگری جەستە لاواز دەبێت.
13. ئازاری ددان: بەتایبەت کاتێک کێم و هەوکردنەکە دەگاتە ڕەگی ددانەکان، کە دەبێتە هۆی ئازارێکی توند و هەڵئاوسانی دەموچاو.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە