گەڕێكی گفتوگۆی نێوان حکومەتی سوریاو هەسەدە بەنێوەندگیری هاوپەیمانان شکستیهێنا

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2006 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمڕۆ هەینی شاندێکی حکومەتی سوریاو شاندێکی هەسەدە لەناوچەی دێرحافر لەڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب لەباکوری سوریا بەنێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆبونەوەو سەرچاوەیەك ئاشكرایكردوە، كە گفتوگۆكان شكستیانهێناوە.


بەگوێرەی سەرچاوە تایبەتەکانی ئەلعەرەبی ئەلجەدید، لەنێوان داواکارییەکانی حکومەتى سوریا بۆ کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجامی گفتوگۆكان ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە نێوەندگیرێكی ئەمریکی بەناوچەی دێرحافردا گەڕاوە و گوێی لەبۆچون و داواکاری دانیشتوان گرتوە.

سەرچاوەكان ڕاشیانگەیاندوە، کە نێوەندگیرەكە بەڵێنی داوە ڕێگاکان بۆ ئەو هاوڵاتییانە بکاتەوە کە دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن، بەو پێیەی لەلایەن حكومەتی سوریاو  فڕۆكەكانی توركیاوە ناوچەكە گەمارۆ دراوەو  دانیشتوانی ئەو ناوچانە پێیان وایە  لەناوچەیەكی سەلامەتدا نین. 

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا کە هەموو خولەکانی دانوستانەکان شكستیان هێناوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەفدی حکومەتی سوریا سور بوو لەسەر کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناوچەکانی دێر حافرو مەسکەنە بەرەو دێری پارێزگای ڕەقە لەباکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ شاندێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەیشتنە دێرحافری حەلەبی سوریاو بەگوێرەی ڤیدیۆ بڵاوكراوەكان دوو كۆبونەوەیان لەگەڵ شاندێكی باڵای هەسەدە ئەنجامداوە.