ئەحمەد شەرع مەرسومێکی کۆماریی لەبارەی کوردەوە دەرکرد

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 942 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد شەرع مەرسومێكی كۆماری لەبارەی كوردەوە دەركردو دەڵێت،" دەرکردنی بڕیارێکی تایبەت ڕادەگەیەنین کە ماف و تایبەتمەندیتان بەیاسا پارێزراو بێت و دەرگا بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و بەشداری تەواو لەبنیاتنانی یەک نەتەوە کە هەموو هاوڵاتیانی خۆی لەخۆ بگرێت دەکەینەوە".


ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، ئەمڕۆ مەرسومی کۆماریی بەفەرمانی ژمارە (13)ـی ساڵی 2026 دەرکرد، كەتێیدا مەرسومەکە کۆمەڵێک بڕیاری چارەنوسساز لەخۆدەگرێت کە پەیوەستن بەپێگەی کورد لەسوریا بەتایبەت لەڕوی كلتورو سیاسی و یاسایی.

بەگوێرەی مەرسومەکە، بەفەرمی دان بەوەدا نراوە کە"هاوڵاتییانی کوردی سوریا بەشێکی بنەڕەتی و ڕەسەنی گەلی سوریان".
هاوكات، ناسنامەی کلتوری و زمانییان بەبەشێکی دانەبڕاو ل ناسنامەی نیشتمانیی فرەچەشنی سوریا ئەژمار کراوە.

هەروەها لەمەرسومەكەدا ئەوەش هاتوە، دەوڵەت پابەند کراوە بەپاراستنی فرەیی کلتوری و زمان و  گەرەنتی مافی هاوڵاتییانی کورد دەکات لەبوژاندنەوەی کەلەپور، هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لەچوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا.
لەو چوارچێوەیەشدا، دیاریکردنی جەژنی نەورۆز (21ـی ئادار) وەک پشویەکی فەرمیی بەموچەوە لەسەرتاسەری سوریادا، بەو پێیەی جەژنێکی نیشتمانییە دياريكراوە.

سەبارەت بەپرسی خوێندن، ئاماژە بەوەكراوە،  کە زمانی کوردی زمانێکی نیشتمانییەو ڕێگە دەدرێت لەقوتابخانە حکومی و ناحكومییەكاندا لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتوان پێکدەهێنێت، وەک بەشێک لەپڕۆگرامەكان كلتوری فێرکاری بخوێندرێت.

هاوكات، لەبەشێكی دیكەی مەرسومەكەدا لەبارەی وەڵاتتنامەوە ئەوە هاتوە، كە  هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاساو رێکارە تایبەتەکانی سەرژمێریی ساڵی 1962 و پێدانی وەڵاتینامەی سوری بە هەموو کوردانی بێ ناسنامە.

هەرەوها، لەبارەی دژایەتی جیاكارییەوە جەخت لەوەكراوەتەوە، دامەزراوە میدیایی و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پێویستە وتارێکی نیشتمانیی گشتگیر پەیڕەو بکەن و هەر جۆرە جیاکارییەک لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان زمانی قەدەغەیە.

لەكۆتای مەرسومەكەشدا دیاریكراوە، كە مەرسومەكە فەرمانێكەو  لەڕۆژی دەرچونییەوە کاری پێدەکرێت و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ دەرکردنی ڕێنماییەکانی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی.