شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەهێرشێکی ئاسمانیدا لەباکوری ڕۆژئاوای سوریا، سەرکردەیەکی دیاری ڕێکخراوی قاعیدەیان کوشتوە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەهێرشەکەی مانگی ڕابردوی سەر سەربازانی ئەمریکا هەبوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەڕاگەیەندراوێكی فەرمیدا ئاشكرایكرد، ئەو سەرکردەیەی کوژراوە ناوی بیلال حەسەن ئەلجاسمە، كەناوبراو سەرکردەیەکی بەئەزمونی تیرۆریستی بوەو تۆمەتبارە بەداڕشتنی چەندین هێرشی گەورە.
بێراد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لەڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەدەكات،" كەکوژرانی ئەم سەرکردەیە کە دەستی لەکوشتنی چەند سەربازێکی ئەمریکیدا هەبوو، نیشانەی سوربونی ئێمەیە لەسەر ڕاوەدونانی ئەو تیرۆریستانەی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانمان".
جەختیش دەكاتەوەو دەڵێت،" هیچ حەشارگەیەکی ئارام بۆ ئەوانە نییە کە پلانی هێرشکردنە سەر هاوڵاتیان و سوپای ئێمە دادەڕێژن".
هاوكات، هەر ئەمڕۆش، فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ڕاگهیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) ڕایگهیاند، "ئهو هێرشانهی ئێستا دهكرێنهسهر شهڕڤانانی ههسهده، لهلایهن داعشو پاشماوهكانی قاعیدهو بهكرێگیراوهكانی توركیاوه ئهنجامدهدرێن.
ئەمە لەكاتێكدایە، لەمانگی ڕابردودا، لەنزیک تەدمور قاعیدە کەمینێکی بۆ هێزە ئەمریکییەکان داناو بوە هۆی کوژرانی دوو سەربازو وەرگێڕێکی ئەمریکی، كە كاردانەوەی فراوانی ئەمریكاو تەنانەت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەشی بەدواداهات.