پارتی هەڕەشەی دوو پارچەیى هەرێمی کوردستان دەکات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10103 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای رێککەوتنی یەکێتیی‌و نەوەی نوێ، پارتی هەڕەشەی دوپارچەبونی هەرێمی کوردستان دەکات‌و دەڵێت، "هەرکەس بیەوێ پارتی ناچار بەتەسلیمبون بکات پارتی کارتی فشاری زیاتر دەبێت"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "چاوەڕوانین بزانن گۆرانکاریەکان بە چ ئاراستەیەک دەڕۆن، ئەوکاتە قسەی خۆیان دەبێت".


دوای ئەوەی دوێنێ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان‌و جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوەو ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک لەنێوانیاندا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان‌و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، پارتی دیموکراتی کوردستان لەزاری سەرچاوەیەکی باڵایەوە زانیاریی ئەوەی به‌شارپرێس-دا، ئەوان چاوەرێدەکەن بزانن گۆڕانکاریەکان بە چ ئاراستەیەک دەڕۆن ئەوکاتە قسەی خۆیان دەبێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتێکدا پارتی ناچێتە ژێر باری هیچ فشارێکی یەکێتیی‌و نەوەی نوێوە، بەداخەوە تاکە بنەمای ڕێککەوتنەکەیان تەنها بۆ دژایەتی پارتییە وەک خۆیان ڕایانگەیاندوە.

سەرچاوەکەی شارپرێس کە بەرپەرسێکی باڵای پارتییە باسی لەوەکرد، "هیچ کەس‌و هاوپەیمانێتیه‌ك ناتوانێت پۆستی سەرۆکی حکومەت لەپارتی وەربگرێتەوە، چونکە پارتی متمانەی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی بەدەستهێناوەو ئەوەشی باسدەکرێت گوایە بەگەورەترین هاوپەیمانیی دەتوانن سەرۆکی حکومەت مسۆگەربکەن، ئەوە تێنەگەشتن و پێنەگەشتنی ئەوکەسانەیە کە ئەو بابەتە باسدەکەن، چونکە سەرۆکی حکومەت لەلایەن براوەی هەڵبژاردنەوە دیاریدەکرێت نەک گەورەترین فراکسیۆن، کە ئەوان هێشتا گەورەتیرینیش نین‌و بەهەردوکیانەوە هێندەی پارتی کورسییان نییە".

سەبارەت بەپۆستی سەرۆکی هەرێمیش کە ئەگەر لەناو پەرلەمانەوە یەکێتیی‌و نەوەی نوێ بتوانن زۆرینەی بۆ کۆبکەنەوەو سەرۆکی هەرێم لەخۆیان دیاریبکەن لەدەرەوەی پارتی‌و لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و ئەوکات ئەو سەرۆکی هەرێمە کاندیدی گەورەترین هاوپەیمانیی ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومیی ئەوکاتە چی دەبێت، بەرپرسەکەی پارتی وتی، "شتی وا مومکین نییەو پێموانیە ئەوانەی عاقڵمەندن کارێکی وابکەن، بەڵام ئەگەر بیکەن، ئەوکاتە ئەوە ئیعلانی دوو پارچەیی هەرێمی کوردستانە، ئەوان دەتوانن لەهەرێمی سلێمانی ئەوکارە بۆ خۆیان بکەن‌و ئێمەش لەهەولێر خەریکی گەشەدان بەئابوریی‌و ئاوەدانکردنەوەی سنورەکەی خۆمان ده‌بین‌و خزمەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە ده‌كه‌ین".

بەپەلە